لوئەی سەڵاح داوادەکات کورد دەنگی پێبدەن

27-06-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن لوئەی سەڵاح یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

یەکێتیی تۆپی پێیی ئاسیا، لە ماڵپەری فەرمی خۆیدا، راپرسییەکی جوانترین گۆڵی هەوایی بڵاوکردووەتەوە، کە لوئەی سەڵاح گۆڵکاری پێشووی یانەی هەولێر رکابەری چوار گۆڵكاری دیکە دەکات، لەسەر بردنەوەی جوانترین گۆڵ لە جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا.

لەو راپرسییە ئەلیکترۆنییەدا هەریەک لە عودەی جەفال ناوەڕاستکاری سوری، بواز سولوسای ئەستێرەی ئیندونووسیا، خەیرول نزامی یاریزانی سەنگافوری، مایک ئۆتی یاریزانی فلیپینی لەگەڵ لوئەی سەڵاحی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە رکابەریدان بۆ بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان. 

یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، ئەو گۆڵەی لوئەی سەڵاحی دەستنیشانکردووە کاتێک یانەی هەولێر لە جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە یانەی قادسییەی کوێتی بردەوە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، ئەستێرەکەی هەولێر دوای وەرگرتنی ئاسیستێکی نەبیل سەباح بەشێوەیەکی سەرنج راکێش گۆڵی تیپە کوێتییەکەی هەژاند.  

لوئەی سەڵاح، ئێستا یاریدەدەری راهێنەری یانەی جەوییە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" داوا دەکەم هەموو وەرزشوانانی هەرێمی کوردستان و عێرااق هاوکارم بن لە دەنگدان بەو گۆڵەی من، لەبەرئەوەی دەمەوێت ببەمەوە". 

لوئەی سەڵاح، لە 1980 لە بەغدا لە دایکبووە، لە ناوخۆی عێراق یاری بۆ یانەکانی هەولێر، جەوییە، زەوڕا کردووە، هەروەها لە خولی ئێرانیش یاری پێرس پۆلیس کردووە، یەکێک بوو لەو ئەستێرانەی 2007 جامی نەتەوەکانی ئاسیایان بۆ عێراق بردەوە.

دەنگدانەکە تاوەکو کاژێر 16ـی رۆژی 2ـی تەممووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لەم لینکەوە دەنگبدەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە