ئەمڕۆ بۆندێسلیگا مێژوویەکی دیکە دەنووسێتەوە

رووداو - هەولێر

هەروەک چۆن پێشەوایەتی مرۆڤایەتییان کرد، بۆ ئەوەی بەئازایەتییەکی زۆرەوە دەست بباتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزش لەسەردەمی کۆرۆنادا، ئاوهاش بەرهەمی ئەو ئازایەتییە دەچننەوە و ئەمڕۆ خۆیان دەکەنە یەکەم خولی گەورەی دونیا، کە بەفەرمی چالاکییەکانی وەرزی کۆڤید 19 کۆتایی پێدەهێنێت.

ئەوە ئەڵمانیایە، وڵاتی مانشافت و داهێنانە مەزنەکان. ئەو وڵاتەی دەکرێ ساڵانی داهاتوو بەرهەمێکی دیکەی ئەو ئازایەتییە بچنێتەوە و خولەکەی لە دۆخێکی زۆر باشتر لەوەی ئێستادا بژی.

کاتێک ئەڵمانەکان وەک یەکەم گەورەی ئەوروپا بڕیاریاندا بەکۆمەڵێک رێوشوێنی نوێ و بەبێ هاندەرەوە بۆندێسلیگا دەستپێبکەنەوە، هەندێک بڕیارەکەیان بەشێتی و هەندێکیش بە سەرکێشییەکی بێئامان لێکدایەوە، بەڵام لای ئەڵمانییەکان ئەوە نووسینەوەی مێژوویەکی دیکە بوو.

ئەمڕۆ بۆندێسلیگا، وەک هەر ساڵێکی دیکەی ئاسایی پاش 34 گەڕ لە ململانێ و رکابەری، کۆتایی دێت. ئیدی لە مڕۆوە لێرە لە هەرێمە جیاوازەکانی جێرمان، هەمووان خۆیان بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە دەکەن.

زوو تەواوبوونی بۆندێسلیگا لەم دۆخە ریزپەڕەدا، دەستپێشخەریی ئەوە دەداتە یانەکانی، باشتر خۆیان بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکەن و گەورەکانیشیان سەری رمەکانیان بۆ جەنگی چامپیۆنزلیگ تیژ بکەنەوە کە زۆری نەماوە دەستپێبکاتەوە.

وەک زۆرینەی وەرزەکانی دیکە، بایرن نازناوەکەی بردەوە و ئەوەش هەشتەمینجاری لەسەریەک بوو، قەڵغانە برۆنزییەکەی خولەکە لە نێو دەستی یاریزانە باڤارییەکاندا دەستاودەستی پێبکرێت. بۆرووسیا دۆرتمۆند پلەی دووەم و گەیشتن بەچامپیۆنزلیگی مسۆگەرکرد و ئەمڕۆ نوێنەری سێیەم خۆی پێشاندەدات. پاش یەکلابوونەوەی دابەزینی پادربۆرنیش بۆ خولی پلە دوو، ئەمڕۆ دەردەکەوێت، ڤێردەربرێمەن یان فۆرتۆنا دۆسڵدۆرف بلیتی دووەمی دابەزینەکە بەدەست دەهێنێت.