رۆناڵدینیۆ دەبێتە یاریزانی مارادۆنا

رووداو - هەولێر

رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بیر لە پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری وازهێنان لە یاریکردن دەکاتەوە و دەیەوێ لە ژێر سەرپەرشتی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنادا دەست بەیاری بکاتەوە.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، مارادۆنا رۆڵی گەورەی هەیە لە ئەگەری پاشگەزکردنەوەی رۆناڵدینیۆ لە وازهێنان و گێڕانەوەی بۆ یاریگە.

رۆناڵدینیۆی تەمەن 40 ساڵ، لە ساڵی 2015ەوە هیچ یارییەکی پیشەگەرانەی نەکردووە، کاتێک لە یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلی بوو. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن ئەو ئەستێرەیە، ئێستا بیر لە گەڕانەوە بۆ یاریکردن دەکاتەوە، بەتایبەت پاش ئەو ئەزموونە خراپەی لە ماوەی رابردوو پێیدا تێپەڕی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پاراگوای، بەتۆمەتی چوونە ناو وڵاتەکەیانەوە بە پاسپۆرتێکی تەزویرەوە.

رۆناڵدینیۆ ماوەیەکی بەرچاو لە بەندیخانەکانی پاراگوایدا مایەوە، بەرلەوەی بە پێژماردنی دەستەبەر ئازاد بکرێت.

یانەی خیمناسیا لاپلاتای ئەرجەنتینی کە یانەیەکی بێهێزی ئێستای ئەرجەنتینە، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵ، مانەوەی خۆی لە خولی نایابی ئەرجەنتین مسۆگەر کرد. ئەو یانەیە لەلایەن دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆناوە راهێنەرایەتی دەکرێت و دەیەوێت رۆناڵدینیۆ بگێڕێتەوە بۆ یاریکردن.

رۆناڵدینیۆ تا ئێستا یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی بەرازیل و سەرجەمی نازناوەکانی وەک: جامی جیهان، کۆپا ئەمێریکا، جامی کیشوەرەکان، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، خولی ئیتاڵیا و ئیسپانیا و تۆپی ئاڵتونیشی بەدەستهێناوە.