پێشمەرگەی سلێمانی کرایە پاڵەوانی بالەی عێراق

27-06-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر 

یەکێتیی ناوەندی بالەی عێراق، بڕیاریدا نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق بداتە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لەبەرئەوەی دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی بژاردە پێشمەرگەی سلێمانی پێشەنگ بوو.

یەکێتییەکە دوایین کۆبوونەوەی خۆی لە بەغدا ئەنجامدا، بڕیار لەسەر ئەوە درا یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێرین ئەنجامنەدرێت بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر بۆیە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە لە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و هیچ یارییەکی نەدۆڕاند، وەک یانەی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ دەست نیشانکرا.

جاری دووەمە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نازناوی خولی بالەی یانەی نایابەکانی عێراق بەدەست دەهێنێت.

عەلی تەها، کاپتنی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " دڵمان زۆر خۆشە بە نازناوەکە، لەبەرئەوەی وەرزی ئەمساڵ شایستەی ئەو دەسکەوتە بووین، ئەمە پێشکەشە بە هەموو وەرزشوانانی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان". 

لە شاری سلێمانی تا ئێستا 3758 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن فەرمانگەی تەندروستییەوە تۆمارکراون، رێژەی توشبووانیش روو لە بەرزبوونەوەیە.

تەها زیاتر گوتی "ئێمە بیر لە نوێکردنەوە و بەهێزترکردنی پێکهاتەکەمان دەکەینەوە بۆ وەرزی داهاتوو، هەر کاتێک مەترسی کۆرۆنا نەما، ئەوکات دەست بە راهێنان دەکەین، لەبەرئەوەی بەشداریکردنمان هەیە لە جامی یانەکانی ئاسیا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە