ستیڤ برووس: هیوادارم دی برۆین بێتە نیوکاسڵ

رووداو - هەولێر

ستیڤ برووسی راهێنەری یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی، هیوای خواست بارودۆخێک بێتە پێشەوە، یانەکەی توانای گرێبەستکردنی لەگەڵ کیڤن دی برۆینی ئەستێرەی مانچێستەر سیتیدا هەبێت.

برووس کە دی برۆین بەباشترین یاریزانی ناوەڕاست لە جیهاندا ناودەبات، پەسنی تواناکانی ئەو یاریزانە بەلجیکییەی کرد.

سبەی یەکشەمە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا، مانچێستەر سیتی میوانداری نیوکاسڵ دەکات.

برووس لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ: هیوادارم دی برۆین لە مانەوە لە مانچێستەر سیتی بێزار ببێت، تا بێتە ئێرە و هاوکارمان بێت.. ئەمە شتێکی نایاب دەبێت بێگومان.

ئەو زیاتر دەڵێ: ئێستا هیچ یاریزانێکی ناوەڕاست لە جیهاندا نییە لەو باشتر بێت، ئەو تا ئێستا هەموو شتێکی بەدەستهێناوە، دەتوانێ گۆڵ تۆمار بکات و بینینێکی نایابی لە یاریگەدا هەیە.

برووس زۆر تایبەتمەندی دیکەی یاریزانە بەلجیکییەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێ: دی برۆین لە ریزی یاریزانە مەزنەکان ناودەبرێت، لەوانەیە کاتێک پێی دەڵێین نایابە، وشەکە مافی ئەو نەدات، ئەو هاوشێوەی رۆی کین و بریان رۆبسۆن نایابە.

ئەستێرەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد زیاتر دەڵێ: ئەو یاریزانێکی بێوێنەی تۆپی پێیە، پێدەچێ هەندێک سیفاتی خاکیبوونی هەبێت، ئەوەش بۆخۆی بێوێنەیە.

بەئەگەری سزادانی یانەی مانچێستەر سیتی لەلایەن یۆفاوە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یاری خاوێن، دەنگۆی ئەوە هەیە دی برۆین لە یانەی مانچێستەر سیتی بڕوات.