بە هۆکارێکی چاوەڕواننەکراو گرێبەستی فلیک دواخرا

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوابخات، ئەویش بەهۆی چاڤییەوە.
 
هەینی رابردوو بارسێلۆنا دوورخستنەوەی چاڤی لە پۆستەکەی راگەیاند، پێشبینیش دەکرێت هانزی فلیک ببێتە راهێنەری نوێی بارسا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە فلیک بگاتە شاری بارسێلۆنا، بەڵام کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریدا ئەو بابەتە دوابخات تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکان لەگەڵ چاڤی یەکلایی دەبنەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا هیوادارە بەبێ کێشە سەرکەوتوو بێت لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چاڤی، هەروەها راهێنەرەکە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات بۆ رۆیشتن بەبێ ئەوەی قەیران دروست بکات کە پەیوەندی بە بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانە.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە کە بارسێلۆنا دەبێت دانوستاندن لەگەڵ ستافی تەکنیکی چاڤیش بکات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان، و کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ فلیک واژۆبکات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا بەنیازە لە رێگەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ هانزی فلیک رابگەیەنێت، بەڵام بابەتەکە تەنیا لە لێدوانێکی فەرمیدا لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار دەبێت، ئەمە جگە لە هەڤپەیڤینێکی راهێنەری ئەڵمانی لەگەڵ کەناڵی بارسێلۆنا.