زینەدین زیدان خەونی زەبەلاحەکەی ئینگلتەرایە

رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدانی فەرەنسی، لە پێشەنگی خەونەکانی یەکێک لە یانە بەنێوبانگەکانی ئینگلتەرادایە، کە بەدوای بەڕێوەبەرێکی تەکنیکی نوێدا دەگەڕێت وەک ئامادەکارییەک بۆ پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتوو.
 
کەناڵی GFFN بڵاویکردەوە، مانچێستەر یونایتد خەون بە گواستنەوەی زیدانەوە دەبینێت، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی راهێنەری هۆڵەندی ئێریک تێن هاگ، کە راهێنەری ئێستای تیپەکەیە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی یونایتد دەستبەرداری هیوای گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرە فەرەنسییەکە نەبووە، سەرەڕای ئەوەی هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زیدان بە جۆش و خرۆش نییە بۆ کارکردن لە ئینگلتەرا.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیدان لە دوای کۆتاییهاتنی خولی دووەمی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2021 بێکار ماوەتەوەە، خەونیشی ئەوەیە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی دیدی دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
کەناڵی GFFN ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی یونایتد پەیوەندییان لەگەڵ ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرجەنتینیش هەیە، کە بەمدواییە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی دوورخرایەوە.
 
باس لەوەش کراوە کە پۆچێتینۆ یەکێکە لە دیارترین کاندیدەکان بۆ جێگرتنەوەی تێن هاگ و بڕیاری دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەدرێت.
 
تێن هاگ سەرکردایەتی یانەی مانچێستەر یونایتدی کرد بۆ ئەوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەدەستبهێنێت و لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سیتی بردەوە.