رووداو دیجیتاڵ
کوردێک دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە و لە یاریی کیک بۆکسینگدا ببێتە پاڵەوانی جیهان.
ئەحمەد یوسف عەبدۆ، گەنجێکی کوردی رۆژئاڤای کوردستانە و خەڵکی عامودایە، ئەمشەو لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی مێژووییەکی گەورە لە یاریی کیک بۆکسینگدا تۆماربکات و نازناوی پاڵەوانێتیی جیهان لە کێشی 86 کیلۆگرامیدا بباتەوە، کاتێک بەرامبەر یاریزانێکی تایلەندی یارییدەکات.
یاریزانە کوردەکە لە ئاداری 2000 لە دایکبووە، لە ساڵی 2014 چووەتە ئەڵمانیا، لە منداڵییەوە حەزێکی زۆری بۆ سەرکێشی و یارییەکانی هونەری شەڕکردن و بەدیارییکراوی کیک بۆکسینگ هەبووە، ساڵی 2016 لە ئەڵمانیا دەست بە یارییەکە دەکات و سەرەتا لەسەر ئاستی میللی یارییدەکات، هەر زوو بەرەوپێشچوونێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و لە ساڵی 2016 لەسەر ئاستی ئەوروپا پلەی یەکەم لە ئاستی خۆیدا دەباتەوە، ساڵی 2020 جارێکی دیکە بووەتە پاڵەوان و لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا بووەتە ناوێکی دیاری یارییەکە لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپا.
ئەحمەد توانایەکی زۆری لە رکابەریکردندا هەیە و ئەمشەو بەرامبەر رکابەرێکی تایلەندی یارییدەکات، لەو یارییەدا کە لە شاری ئیسێن بەڕێوەدەچێت.
یاریزانە کوردەکەی رۆژئاڤای کوردستان لە هەموو یارییەکدا بە ئاڵای کوردستانەوە یارییدەکات، هەرچەند ئەو نوێنەرایەتیی ئەڵمانیا دەکات.
یوسف عەبدۆ، باوکی ئەو یاریزانە کوردەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەڵمانیا پاڵپشتییەکی گەورە لە ئەحمەد دەکرێت، ئەو چەند رۆژێکە بەتەنیا لە هۆتێل دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی بەتەواوی و بە دەروونێکی زۆر ئارامەوە بۆ یارییەکە ئامادەبکات و ئەمڕۆ هەموو ئەڵمانیا چاوی لەوەیە نازناوی جیهان لە کیک بۆکسینگدا بباتەوە."
یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی ئەڵمانیا و کاژێر 23:00 بەکاتی هەولێر دەستپێدەکات، ئەحمەد یوسفی کورد بەرامبەر پێت پانۆمرونگ کیاتموی، یاریزانی تایلەندی یارییدەکات بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ