ئیدین تێرزیچ.. ئەو یوگۆسلاڤییەی ئەمڕۆ دەتوانێ ئەڵمانیا داگیر بکات


رووداو دیجیتاڵ

وەک یاریزان، نەیتوانی لە پلەی چواری ئەڵمانیا سەرتر دەربکەوێت، ئێستا وەک راهێنەر، کۆنترۆڵی نازناوی گەورەترین خولی وڵات دەکات و مێژوو بەپەنجەکانی خۆی دەنووسێتەوە.. ئەوە ئیدین تێرزیچە، ئەو راهێنەرەی دەتوانێ چاوەڕوانیی دە ساڵەی دۆرتمۆندییەکان لەبەردەم نازناوی بۆندێسلیگادا کۆتایی پێبهێنێت.. زەنگی کۆتایی هاتنی باڵادەستیی باڤارییەکانیش بەسەر نازناوەکەدا لێبدات.
 
تێرزیچ بە پیاوە نهێنییەکەی یۆرگن کلۆپ بەناوبانگە، دەبێتە ئەو پیاوەی بەباشترین شێوە پاشماوە و کولتووری مامۆستاکەی دەپارێزێت. لەو رۆژەوەی یۆرگن کلۆپ لە بۆرووسیا چووە دەرەوە، چەندین راهێنەر شوێنی ئەویان گرتەوە، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی وەک فێرخوازە بەوەفاکەی ئەو، کار بۆ سەرخستنی دۆرتمۆند بکەن.
 
تێرزیچ لە دۆرتمۆند لەدایکبووە، بەڵام باوانی یۆگسلاڤین، ئەو هەر زوو عاشقبوون و خۆشەویستیی خۆی بۆ دۆرتمۆند ئاشكرا کردووە.. رۆژەکە ناوازە دەبێت بۆ راهێنەری یانەکەی رۆر ئەگەر بتوانێ لە یەکەم وەرزی کارکردنیدا لەگەڵ بۆرووسیا بەتەواوی، نازناوی خولەکە بەدەست بهێنێت.
 
تیرزیچ دەبێتە ئەندامێکی نەوە بەناوبانگ و لێهاتووەکەی راهێنەر ئەڵمانییەکان، کە پێشەنگەکەیان کلۆپە و لە دوای ئەو تۆماس توخێل و یۆلیان نایگلسمان دێن، ئەو راهێنەرانەی بە سیگناڵ ئیدۆنا پارکدا گەشتدەکەن تاوەکو مێژوویەکی دیکەی سەرکەوتن بۆ شارەکە بنووسنەوە.
 
باوانی ئیدین، ساڵی 1980 یوگسلاڤیایان لەپێناو تێربوون و ژیانێکی باشتردا بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشت، ئەوکات باوکە بۆسنی و دایکە کرواتییەکەی ئیدین، پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کوڕەکەیان رۆژێک لە رۆژان هەموو دانیشتووانی شار بەسەمایەکی سەرمەستکەرانە بسپێرێت.
 
تێرزیچ دەڵێ، من کوڕی خێزانێکی کرێکارە کۆچەرییەکانم. لە ناوچەدی میندن لەسەر سنووری باشووری رۆژهەڵاتی دۆرتمۆند لەدایکبووم.. تێرزیچ دەڵێ یەکەمجار ساڵی 1991 عەشقی دۆرتمۆند کەوتە دڵمەوە، ئەوکات زۆر بچووک بووم کە بۆ یەکەمجار هەلی چوونە نێو سیگناڵ ئیدۆنا پارکم بۆ رەخسا و ئەو کەشەی لەوێ بینیم و ئەو سەرشێتییەی لەوێ هەستپێکرد، ئاگرێکی نەکوژاوەی لە ناخمدا بەرپا کرد کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
هاندەرە بچکۆلەکەی دۆرتمۆند لە یارییکردندا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام هەلی کارکردن وەک یاریدەدەری راهێنەری لاوانی بۆرووسیای قۆستەوە و دواتر لەگەڵ سلاڤن بیلیچدا دوو ئەزموونی یاریدەدەری لە بێشکتاشی تورکی و وێستهامی ئینگلیزی تاقیکردەوە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە دۆرتمۆند.
 
تیرزیچ لە سێبەردا مایەوە تاوەکو لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 کرایە راهێنەری کاتیی بۆرووسیا بۆ شوێنگرتنەوەی لوسیان ڤاڤری سویسری دوورخراوە لە پۆستەکەی.. ئیدین هەرزوو تیپەکەی رێکخستەوە و توانی کورسییەکی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات و جامی ئەڵمانیاشی لەگەڵدا بباتەوە. بەڵام ئەو لە پۆستەکەیدا نەمایەوە و مارکۆ رۆزە شوێنی گرتەوە.
 
هاوینی رابردوو، تێرزیچ بەفەرمی بووە راهێنەری دۆرتمۆند، ئەو رۆژەی واژۆی لەسەر گرێبەستی مەشقدانی تیپەکە کرد، پەیامێکی بۆ هاندەرانی یانەکە نارد و گوتی، "با لە هەموو کات برسییانەتر و لە هەموو کات لێبڕاوانەتر کاربکەین، با جۆشوخرۆشی زیاترمان هەبێت، دڵنیام رۆژێک لە رۆژان پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین".
 
ئێستا دوای یەک وەرز لەو قسانە، تێرزیچ هەلی ئەوەی هەیە، بێتە بەردەم هاندەرانی یانەکە و پێیان بڵێ، ئێستا کاتی ئاهەنگەکەیە فەرموون با پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین.