بۆرووسیا دۆرتمۆند بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی ناوازە


رووداو دیجیتاڵ

دوای وەرزێکی دوورودرێژی پڕ لە رووداو و هەڵچوون و داچوون. وەرزێک کە تێیدا کەس لەسەدا سەد بە ریتم و ئاستێکی جێگیرەوە تێیدا دەرنەکەوت.. رکابەرییەکانی بۆندێسلیگای ئەڵمانیا کۆتایی دێت.
 
ئەوەی بۆی هەیە بەرگێکی نوێ بەبەر خولەکەدا بکات و کۆتاییەکەی لە ریتمی دە ساڵی رابردووی خۆی بهێنێتە دەرەوە، ئەو رووداوە گەورە چاوەڕوانکراوەیە کە تێیدا بۆی هەیە، بۆرووسیا دۆرتمۆند نازناوی خولەکە بەدەست بهێنێت.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند دوا یاریی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی خولەکە، لە یاریگە سەرنجڕاکێش و پڕ لە هاندەرەکەی سیگناڵ ئیدۆنا پارک ئەنجامدەدات و میوانداریی ماینز دەکات کە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و هیچ ئامانجێکی نییە لە دوا گەڕ لەپێناویدا بجەنگێت و لە دوایین چوار یاریی خۆیشیدا لە خولەکە، تەنیا شكست ئەنجامی بووە.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند لەبەردەم رووداوێکی مێژوویی گەورەدایە کە هاندەرەکانی دە ساڵی رێکە چاوەڕوانی دەکەن.. رووداوی کۆتاییهێنان بە دە ساڵ باڵادەستبوون و هەژموونی بایرن میونشن بەسەر نازناوی خولەکەدا.. رووداوی بێبەشکردنی بایرن میونشن لە گەیشتن بە یانزەیەمین نازناوی لەسەریەکی بۆندێسلیگا.
 
هەستیاریی و دیاریکردنی چارەنووسی سەرجەم هەر هەژدە یانەی بەشداری خولەکە لە دوا گەڕدا، وایکردووە هەموو یارییەکان لە یەک کاتدا بەڕێوەبچن.. هەر بۆیە دۆرتمۆند و هاندەرەکانی کە خۆیان بە رەنگە زەردەکەی زەردەواڵەکان ئاڵوواڵاکردووە و ئامادەن بۆ ئەوەی شارەکە بخەنە سەر سەمایەکی گەورە و کەرنەڤاڵێکی مەزن لە کۆتایی خولەکەدا، چەندە چاویان لە ئەنجامەکەی خۆیانە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، دەبێ ئەوەندەش سەرنجیان لەسەر شاری کۆلن و یاریگەی راین ئینێرجی ستادیۆن بێت، تاوەکو ببینن رکابەرە گەورەکەیان، دەستەوستان لەو یاریگەیە دێتە دەرەوە و لە دوا خولدا ریمۆنتادا بەسەر خەونەکانی ئەماندا ناکات.
 
میونشن کە لە 2013ەوە کۆنترۆڵی نازناوە نێوخۆییەکەی کردووە، یەکەمجارە لە دوای دە نازناوی لەسەریەک، خۆی دەبینێتەوە کە خەریکە نازناوەکە لەدەستدەدات، تەنیا رێگە بۆ لەدەستنەدانی نازناوەکەی بایرن، بردنەوەی خۆی و شکستی دۆرتمۆندە... بەڵام بایرن باوەڕی بەوە هەیە کە دەکرێ مێژوو لە دوا ساتەکاندا بەدڵی ئەو بکات و ئەوە دووبارە بکاتەوە کە پێشتر دووجار روویداوە و لە دوا گەڕدا نازناوەکەی بە باڤارییەکان بەخشیوەتەوە.
 
ساڵانی 1986 و 2000 ئەو دوو ساڵەبوون کە تێیدا بایرن لە دوا هەفتەدا نازناوەکەی بەدەستهێنا. خاڵێکی دیکەی ئومێدبەخش بە بایرن ئەوەیە کە کۆڵن ئەو یانەیەیە کە زۆرترینجار لە نێو یاریگەی خۆیدا بە میونشن دۆڕاوە و لە ساڵی 2011ەوە هەر کاتێک بایرن چووبێتە کۆڵن، ئەو تیپە بەسەرکەوتنەوە گەڕاوەتەوە.
 
هاندەرەکانی کۆڵن ترسیان لە هیچ شتێک نییە و ئامانجێکیش نییە لە دوا هەفتەدا تیپەکەیان بۆی بجەنگێت، یانەکە دڵنیایە وەرزی داهاتووش لە بۆندێسلیگایە، بەڵام هاندەرەکانی کە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ یانە هاو هەرێمییەکەی وستڤالیادا هەیە، دڵخۆشدەبن نازناوەکەی ئەمساڵ بۆ دۆرتمۆند بێت، نەک بایرن.