ڤیدیۆ؛ گۆڵەکانی دێر کلاسیکێر و یارییەکانی دیکەی بوندێسلیگا

27-05-2020
ئیحسان تاهیر
بایرن میونشن براوەی  دێر کلاسیکێر  بوو
بایرن میونشن براوەی دێر کلاسیکێر بوو
نیشانەکردن دێر کلاسیکێر بوندێسلیگا
A+ A-

رووداو - هەولێر

گەڕی 28ی بوندێسلیگا بە یاری دێر کلاسیکێر دەستیپێکرد، کە بۆرووسیا دۆرتموند بە  خێرایی هالاند و بایرن میونشنیش بە ئەزموونی لێڤاندۆڤسکی پشت ئەستوور بوون.

هالاند گۆڵێکی ئاسانی بۆ دۆرتمۆند لەدەستدا و نابریش دەرفەتێکی لەو ئاسانتری نەقۆستەوە، تاوەکو لە خولەکی 43دا جۆشوا کیمیچی یاریزانی بایرن هاتنە پێشەوەی رۆمان بۆرکی گۆڵپارێزی دۆرتمۆندی لە گۆڵەکەی قۆستەوە و لەسەر شێوازی هێرشبەرە گەورەکان گۆڵی یەکەم و تاکە گۆڵی یارییەکەی بۆ باڤارییەکان تۆمارکرد، کە هەموو میدیای ئەڵمانیا بە "گۆڵی نازناوەکە" ناویانبرد، بەو پێیەی تا راددەیەکی زۆر کۆتایی بە ململانێیەکە هێنا و بایرنی زۆر نزیککردەوە لە نازناوەکە. هەربۆیەش کیمیچ لەدوای یارییەکە گوتی ئەوە جوانترین و گرنگترین گۆڵە لە کاروانی وەرزشیمدا.

ئەگەرچی لە نیوەی دووەمدا زەردپۆشەکان زۆر هەوڵیاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون، ئەرکیشیان زەحمەتتر بوو کاتێک هێرشبەرە لاوەکەیان، ئێرلینگ هالاند تووشی پێکان بوو، یاریگەی جێهێشت.

ئەوەندە نەمابوو لێڤاندۆڤسکی لە گەڕی 28دا ژمارەی گۆڵەکانی بکاتە 28، بەڵام شانس یاوەری نەبوو، کاتێک لێدانێکی لە دەرەوی هێڵی سزاوە ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر کرد و تۆپەکە بەر ستوونی گۆڵی بۆرکی کەوت.

بایرن میونشن بەم سەرکەوتنە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 64 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی، بۆرووسیا دۆرتموندیش بەجیاوازی 7 خاڵ لەدوای ئەو لە پلەی دووەم دێت و خولەکە تەنیا 6 گەڕی ماوە.

لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕەدا بایرلیڤەرکوزن لەسەر یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1 - 4 گۆڵ بە ولڤسبۆرگی میوانی دۆڕا، کە مارین بۆنگراسیچ و ماكسميليان ئارنۆلد هەر زوو دوو گۆڵیان بۆ تیپی میوان تۆمارکرد، ئینجا ریناتۆ ستیڤان لە خولەکی 67دا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و دواتر بۆنگراسیچیش گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد.

یۆلیان لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا تاکە گۆڵی لیڤەرکوزنی بەدەستهێنا، بەڵام دڵی هیچ کەسێکی خۆش نەکرد.

یارییەکی دیکەی پڕ لە تام و چێژ لەسەر یاریگەی كۆمێرزابانك ئارينكا لە شاری فرانكفۆرت لەنێوان ئینتراخت فرانکفۆرت و فرایبۆرگ بەڕێوەچوو. کە هەردوو یانە 6 گۆڵ و 3 خاڵی یارییەکەیان لەنێو خۆیاندا بەیەکسانی دابەشکرد و یارییەکە سێ بە سێ کۆتاییهات.

بەو ئەنجامە فرایبۆرگ بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ گەیشتە پلەی حەوتەمی ریزبەندی، ئینتراخت فرانکفۆرتیش گەڕایەوە پلەی چواردەهەم، کە خاوەنی 29 خاڵە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە