ڤیدیۆ؛ عەدنان درجال گەیشتە هەولێر

27-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عەدنان درجال
A+ A-

رووداو - هەولێر

عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەولێر.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ درجال بەسەردانێکی تایبەت گەیشتە هەولێر و لەلایەن شاکر ئەحمەد سمۆ، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش پێشوازیی لێکرا.

وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، دوای گەیشتنی بۆ هەولێر پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنای بۆ ئەنجامدرا، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دەبێت و گفتوگۆ لەبارەی وەرزشی کوردستان و عێراق دەکەن.

عەدنان درجال بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەمە سەردانی یەکەمی نییە بۆ کوردستان و هەفتەی داهاتوو سەردانێکی دیکەی فەرمیی دەبێت و لەگەڵ بەرپرسانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

عەدنان درجال لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، سەرەتا هەموو ساڵێک بەخۆشی، هەموو خەڵکەکەمان لە کوردستان هیوادارم هەر لە خۆشی و تەندروستی سەلامەتیدابن، ئەمە یەکەم سەردانی من نییە بۆ کوردستان، بەڵام رەنگە وەک وەزیری لاوان و وەرزش یەکەم سەردانم بێت، ئەمە سەردانێكی فەرمی نییە بۆ هەرێم بەڵکو سەردانێكی کەسییە، هەفتەی داهاتوو رەنگە بە سەردانی فەرمی بێمەوە بۆ کوردستان، سەردانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئەمجارە چەند کەمپێكی ئاوارەکان بەسەر دەکەمەوە، سبەی سەردانی موسڵ دەکەم و بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی وەرزش لەو ناوچانە.

وەزیری وەرزش و لاوان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق قسەیکرد و رایگەیاند، هێشتا زووە باسی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بکەین، ئەگەر هەیە لە کۆتایی ئەمساڵ یانیش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکان بکرێن، بەڵام رەنگە بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستاوە کە تێیکەوتووین و ئەم ڤایرۆس و قەدەخەی هاتووچۆیە دوابخرێت، ئەوەی کە ئێستا هەیە برایانمان لە دەستەی کاتیی یەکێتییەکە دەبێت سیستەمی سەرەکیی یەکێتییەکە دابڕێژنەوە و سیستەمی نێوخۆییش دابڕێژنەوە لەگەڵ پەیوەندییەکانیان بە یەکێتییەکانی شارەکانەوە، کاری زۆریان لەسەرە کە ئامادەکاری بۆ ئەم هەڵبژاردنانە بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە