کاتی دەستپێکردنەوەی خولی ئیتاڵیا دیاریکرا

رووداو - هەولێر

دەستەی خولی ئیتاڵیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دووپاتیکردەوە کە پابەندە بە کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزی ئەمساڵی سێریا ئەی.

دەستەی خولی ئیتاڵیا، لە بڵاوکراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە خولی ئیتاڵیا لە 13ی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، کە لەوەتەی مانگی ئاداری رابردووە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیراوە.

لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا هەر 20 یانەی بەشدار لە سێریا ئەی ئەو پرسەیان تاوتوێکرد و دواتر لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیانکردەوە کە خولەکە رۆژی 13ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە.

وا چاوەڕوان دەکرێت ئەو 4 یارییەی لە مانگی ئاداری رابردوودا لە گەڕی 25ی خولەکەدا دواخران، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی خولەکە ئەنجام بدرێن، کە بریتین لە یاری ئاتالانتا و ساسۆلۆ، ئینتەرمیلان و سامپدۆریا، تۆرینۆ و پارما، ڤیرۆنا و کالیاری.

رۆژی هەینی داهاتوو وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا و دەستەی خولی ئیتاڵیا کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەن.

یانەکانی سێریا ئەی سوورن لەسەر داواکردنی دوایین بەشی مافەکانیان لە Sky Sport Italia وDAZN کە مافی پەخشی تەلەڤزیۆنیان هەیە.