گەنجێکی فرەبەهرە.. ئەو مەلەزانەی یاریزانێکی بەتوانای تۆپی پێ و بالە و تێنسیشە

رووداو دیجیتاڵ

 

لە وەرزشدا دەکرێت هەر وەرزشوانێک لە بوارێکدا یان لە یارییەکدا پەرە بە بەهرەکانی بدات و ببێتە یاریزانێکی باش، ئەمە ئاساییە و دەیان و سەدان وەرزشوان دەتوانن ئەوە بکەن، بەڵام کاتێک گەنجێک دەتوانێت پێکەوە لە چەندین یارییدا بەهرەمەند بێت، ئەمە سەرنجڕاکێشە و شایەنی بایەخپێدانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەرزشەوە، چونکە دەکرێت خزمەتێکی زۆر بە وەرزشی وڵات بکات.
 
دڵبرین شێراز مەلا ئەحمەد، نموونەیەکە لەو وەزشوانە فرەبەهرانە، کە لە یەککاتدا لە چەندین یاریی وەرزشی بەهرەمەندە و دەتوانێت بە باشترین ئاست یاری بکات.
 
‎وەک خۆی دەڵێت، لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە رۆحی لەگەڵ وەرزش تێكەڵبووە "وەرزش بۆ من ئێستا هەناسەیە، خۆراكە، گشت كەسمە. هەندێك كەس پێویستیان بە دەرمانە تاوەکو رۆژانە بە ئاسوودەیی بژین، من پێویستیم بە وەرزشە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژیم".
 
دڵبرین شێراز مەلا ئەحمەد، تەمەن 25 ساڵان، لە یەککاتدا یاریزانی تۆپی پێ، تێنس، مەلەوانی و تۆپی بالەیە.
 
ئەو لە سەرەتایی چوونە نێو وەرزشەوە وەك گۆڵپارێز دەستیپێكردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە یاریکردنی تۆپی پێ و لەگەڵ تیپی چارچەلی هەرکی بەشداری لە چەندین خولی تۆپی پێدا كردووە و دەڵێت "بەشداری زۆر خولم کردووە، لە زۆریاندا تیپەكەم بوویتە براوە و خەڵاتی باشترین گۆلپارێزی زۆربەی ئەو خولانەی بەشداریم تێداكردووە بەدەستمهێناوە".
 
خۆشەویستی ئەو بۆ وەرزش نەک هەر ساردی نەکردووەتەوە لە خوێندن، بەڵکو زیاتر هانیداوە بەردەوام بێت لە خوێندن بۆ ئەوەی ببێتە قوتابی كولیژی وەرزش و ئاواتەكەی هاتەدی، ئەو دەڵێت "بەو كۆنمرەیەی لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەدەستمهێنابوو دەمتوانی بچمە چەندین كۆلێژی بەرزتر، بەڵام من ئەو كولیژەم هەڵبژارد كە لەگەڵ رۆحمدا تێكەڵە، من ئێستا قوتابی قۆناخی سێیەمی كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكانم".
 
دڵبرین بێجگە لەوەی كە تۆپی پێ لە وەرزشە هەرە دڵخوازەكانیەتی، بە ئاستێکی بەرزەوە یارییەکانی تێنس، بالە، مەلەوانیش دەکات، کە لە پێشبڕكێیەكی مەلەوانیدا لەسەر ئاستی زانكۆی سەلاحەدین پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ئەو ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی زانكۆی سەلاحەدینە بۆ مەلەوانی، کە بەشداری لە پالەوانێتیە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا دەکات.
 

ئەو گەنجە فرەبەهرەیە، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە حەزی لە یاریی تۆپی بالەیە، بەڵام زانكۆ بووە هۆی ئەوەی كە زیاتر گرنگی بەو وەرزشە بدات، ئەو کە ئێستا یاریزانی یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی کوردستانە لە بالە، دەڵێت "ئێستا من یاریزانی تیپی تۆپی بالەی یانەی وەرزشیی ئەكادم، بەشداری لە خولی  پلەیەكی عێراق دەکات بەمەبەستی سەركەوتن بۆ پلە نایابی عێراق، كە بڕیارە لە مانگی 6 بەڕێوەبچێت".
 
دڵبرین شێراز، زۆر سەرسامە بە لیۆنێل مێسی و دەڵێت "نەک یاریزانی دڵخوازی من، بەڵکو تاكە مرۆڤی دڵخوازی من و تایبەتترین كەسی من لیۆنێل مێسییە".
 
ئەو وەک گۆڵپارێزێکیش، زۆر سەرسامە بە مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی ئەڵمانی، بەڵام گۆڵپارێزی دڵخوازی ئەو ئیمیلیانۆ مارتینێزی ئەرجەنتینییە و لەبارەیەوە دەڵێت "ئەو رۆحی منی لەسەرە مەرگ گێڕایەوە، دڵی منی لە وەستان رزگارکرد. خۆشەویستی من بۆ مارتینێز ئەبەدیە".