کلاسیکۆی ئیتاڵیا لەپێناو دوورخستنەوەی دوو راهێنەری گەورەدا

27-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سێری ئا یوڤێنتوس میلان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتاییەکانی وەرزێکی یەکلابووەوەدا، کلاسیکۆی ئیتاڵیا لە یاریگەی یوڤێنتوس ئارێنا، دوو یانەی دەستبەتاڵدەرچوو لە وەرزی ئەمساڵدا کۆدەکاتەوە لە یارییەکدا، نە هیچ تێیدا باشتر دەبێت نە هیچیش تێیدا خراپتر دەبێت.
 
ئینتەرمیلان لە گەڕی پێشوودا، لە سانسیرۆ چارەنووسی نازناوی خولی یەکلاکردەوە و بۆ بیستەمینجار لە مێژووی خۆیدا سکۆدێتۆی بردەوە، ئەوە خاڵی کۆتایی و یەکلابوونەوەی چارەنووسی وەرزێک بوو بۆ میلان و یوڤێنتوس کە پڕاوپڕبوو لە نادڵنیایی و کەوتن و بەرز و نزم لە ئەنجامدا، بۆ میلان و یوڤێنتوس.
 
ئەوەی یوڤێنتوس و میلان لە یارییەکەی ئەمشەودا وەک ئامانج کۆدەکاتەوە، جیا لە دووپاتکردنەوەی ویستی باڵادەستبوونی هەریەک لەو دوو یانەیە بەسەر ئەویدیکەدا، دڵنیابوونەوەی زیاترە لەوە کە هەریەکێکیان دەتوانێ هەنگاوێکی دیکە بەئاراستەی دڵنیایی بۆ گەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بهاوێژێت.
 
ئەگەر گەیشتنەوە بەچامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بۆ یوڤێنتوس بەدەستکەوت دابنرێت، پاشئەوەی وەرزی رابردوو، یانەکە رازیبوو لەگەڵ یۆفا لەپێناو زیاتر سزانەدانی زیاتر، بەهۆی لادان لە یاساکان، بەبێبەشبوون لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی ئەمساڵ رازی ببێت، بۆ میلان ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگ نییە، چونکە ئەمساڵ یانەکە لە بری تەنیا چامپیۆنزلیگ، لە یۆرۆپالیگیشدا بەشدارییکرد و لە هەردوو بەرە ئەوروپییەکە بێئەنجام هاتە دەرەوە.
 
هەردوو یانە ئێستا کە پلەکانی دووەم و سێیەمی ریزبەندی خولەکەیان گرتووە، تەنیا ئامانجی جەنگانیان تاوەکو کۆتایی وەرز، دڵنیابوونەوەیە لە کورسییە ئەوروپییەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو، لەکاتێکدا ئیتاڵیا پێنج کورسیی لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو دەبێت و پێویستی بەوە هەیە باشترین نوێنەرەکانی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە بن.
 
میلان و یۆڤی خاڵێکی هاوبەشی گەورە کۆیاندەکاتەوە کە بریتییە لە هەنگاونان بەرەو کۆتایی وەرزێک کە پێدەچی دوا وەرزی راهێنەرانی هەردوو یانە بێت لەگەڵ یانەکانیان.
 
میلان لە پاش شکستە نەخوازراوەکانی وەرزی ئەمساڵی و دەستبەتاڵدەرچوون لە هەموو پاڵەوانێتییەکان، پێناچی چیدی بەبەردەوامبوونی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەر بەردەوام بێت و کارگێڕیی یانەکە دڵنیایە لەوەی ئێستا ئیدی کاتی دەستبردن بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی هێنانی راهێنەرێکی خاوەن بیرۆکەی نوێیە بۆ یانەکە.
 
یوڤێنتوسیش کە ئەمساڵ خەونی گەورەتری لەوە هەبوو تەنیا بۆ نیو وەرز وەک رکابەر لەسەر نازناوی خولەکە دەربکەوێت، پێدەچێ خۆی لەوەدا یەکلاکردبێتەوە کە ئیدی ساتی ماڵئاواییەکی دیکە لە ماسیملیانۆ ئالێگری هاتووە و یانەکە خۆی بۆ قۆناخی دووەمی پاش ئالێگری ئامادە دەکات.
 
کلاسیکۆکەی ئەمشەو، ئەگەرچی کلاسیکۆیەکی بێئامانج و بێ چاوەڕوانیی گەورە بێت بۆ هاندەرانی هەردوو یانە، بەڵام بۆ هەردوو راهێنەر، دەکرێ دەرچەیەک بێت بەئاراستەی کەمێک زیاتر مانەوە لەسەر کورسیی مەشقدانی ئەو یانانەی ساڵانێکە ئەوان بیرۆکەکانی خۆیانی تێدا دەچێنن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە