شوێنگرەوەی کڵۆپ بۆ راهێنەرایەتی لیڤەرپوول دیاریکرا

27-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئارنی سلۆت لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی لیڤەرپوول دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یەکلاییکردەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە، کە بۆ وەرزی داهاتوو سەرپەرشتی مەشقەکانی رێدز دەکات.
 
یۆرگن کڵۆپ بەر لە نزیکەی دوو مانگ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە لیڤەرپوول دەڕوات.
 
زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بۆ شوێنگرتنەوەی کڵۆپ ناوی چەند راهێنەرێکیان هێناوە، کە دوایینیان ئارنی سلۆتی راهێنەری هۆڵەندی یانەی فاینۆردە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، لیڤەرپوول لەگەڵ فاینۆرد رێککەوتووە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە یانە ئینگلیزییەکە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی سلۆتدا دەیدات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا سلۆت ئازادە و راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی وەرزی ئێستای خولی هۆڵەندا دەچێتە لیڤەرپوول.
 
سکای سپۆرت ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی 7.7 ملیۆن پاوەند بە یانە هۆڵەندییەکە، جگە لەوەی 1.7 ملیۆن پاوەندیش وەک پاداشتی دیکەی جوراوجۆر دەیدات.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی، دووپاتیکردەوە کە سلۆت دەبێتە گرانترین راهێنەری هۆڵەندی لە مێژوودا، دوای ئەوەی لیڤەرپوول رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی بڕە پارەیەک کە لە نێوان 13 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆدایە.
 
فاینۆرد یەکەم دەستەوارەی لیڤەرپوولی رەتکردبووەوە کە بەهاکەی 9 ملیۆن یۆرۆ بوو، پێش ئەوەی هەردوولا لە کۆتاییدا بگەنە رێککەوتن.
 
سلۆت دانی بە خواستی خۆیدا ناوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوول و هیوای خواست هەردوو یانە لە کۆتایی دانوستاندنەکاندا بگەنە رێککەوتن.
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە وەرزی رابردوو سەرکردایەتی فاینۆردی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ناوخۆیی هۆڵەندا، کە یەکەم نازناوی یانەکە بوو لە ماوەی 20 ساڵی کۆتاییدا.
 
📊 ئامارەکانی ئارنی سلۆت لەگەڵ فاينۆرد لە 3 وەرزدا:
 
📋 145 یاری
✅️ 94 بردنەوە
⛔️ 27 یەکسانبوون
❌️ 24 دۆڕان
 
⚽️ 334 گۆڵ
🥅 154 گۆڵی لێبووە
 
🏆 خولی هۆڵەندی
🏆 جامی هۆڵەندا 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە