خاوەنی جوانترین چیرۆک گەڕایەوە پرێمەرلیگ

27-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لێستەر سیتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لێستەر سیتی، دوای تەنیا یەک وەرز لە دوورکەوتنەوە، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ، دوای ئەوەی لیدز یونایتدی رکابەری دۆڕا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 45ـی چامپیۆنشیپ (خولی پلە یەکی ئینگلتەرا)، یانەی لیدز یونایتد کە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بەرامبەر یانەی کۆینز پارک رێنجەرز یارییکرد و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو.
 
لە یارییەکەدا کۆینز پارک سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی نەبووە و لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکەیە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە لیدز یونایتدی بردەوە و دیارییەکی بەنرخی پێشکێشی لێستەر سیتی کرد.
 
لێستەر ئێستا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 94 خاڵە، ئەگەر یارییەکەی رۆژی دووشەممە لە پریستۆن بباتەوە، جیاوازییەکە دەبێتە 8 خاڵ، لەکاتێکدا تەنیا دوو گەڕ ماون خولەکە کۆتایی بێت.
 
مانگی 6ـی 2023، یانەی لێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ ئێنزۆ ماریسکا، راهێنەری ئیتاڵی واژۆکرد، ئەو راهێنەرە لە مانچێستەر سیتی یاریدەدەری پێپ گواردیۆلا بوو و چووە لێستەر بۆ ئەوەی ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە و سەرکەوتنی لەو ئەزموونەیدا بەدەستهێنا.
 
لێستەر سیتی خاوەنی چیرۆکێکی جوان و سەرنجڕاکێشە لە پرێمەرلیگدا، ئەو یانەیە لە ساڵی 2016 لەژێر سەرپەرشتی کلاودیۆ رانیێری، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی، هەموو جیهانی سەرسامکرد کاتێک بەجیاوازیی 10 خاڵ لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ نازناوی پرێمەرلیگی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا، وەرزی داهاتووش لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرێکی دیکەی ئیتاڵی بەشداری لە خولەکەدا دەکاتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی چامپیۆنشیپدا، دوو یانەی خاوەنی پلەی یەکەم و دووەم راستەوخۆ دەگەنە پرێمەرلیگ، پلەی سێیەم تاوەکو شەشەم یاریی پاشکۆکان ئەنجامدەدەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی سێیەمی گەیشتن بە خولەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە