لاپۆرتا گرێبەستە گەورەکەی بارسێلۆنای راگەیاند

27-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا کامپ نو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، گرێبەستێکی زەبەلاح و مێژوویی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
لاپۆرتا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکرد، یانەکەی رێکەوتنی لەبارەی پارەدارکردنی پڕۆژەی 'ئیسپای بارسا' کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو و دروستکردنی شارێکی وەرزشی، بەوەبەرهێنانی نزیکەی 1450 ملیۆن یۆرۆ.
 
لاپۆرتا گوتی، کارەکانی پڕۆژە نوێیەکە لە هاوینی ئەمساڵدا دەستپێدەکات، روونیکردەوە "پڕۆژەکە، پڕۆژەی خەونە بۆ ئەوەی ببینە باشترین یانەی جیهان". هەروەها وایدانان کە ئەمە "گرنگترین پڕۆژەی بیناسازییە لە مێژووی یانەکەدا".
 
سەرۆکی کەتەلۆنییەکە دەڵێ، "پڕۆژە نوێیەکە تێچووی زیادە ناخاتە سەر ئەندامانی یانەکە، هەروەها هیچ مەترسییەک ناخاتە سەر لایەنی وەرزشیی یانەکە و ناچاریش نین هیچ پشکێکی بارسا بۆ بخەینە ژێر مەترسییەوە".
 
لاپۆرتا دەڵێ، ئەم پڕۆژەیە بەبەشداریی 20 وەبەرهێن ئەنجامدەدرێت، "ئەم پڕۆژەیە مانای ئەوەیە کە دامەزراوەی بارسێلۆنای ئێستا بەهێزترینە لە هەموو کاتێکی دیکە. یانەکەش لە بازاڕە نێوخۆیی و جیهانییەکاندا، ناوبانگی خۆی لەدەستنەداوە".
 
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، لاپۆرتا دەڵێ، "هەرچەندە هەندێک ویستیان تەگەرە بخەنە بەردەممان، بەڵام بارسا بەهێزترە، وردەکارییەکانی پڕۆژەکەمان ئەنجامدا و بودجەمان دابینکرد و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئامادەن و لە ماوەی دوو ساڵدا ئەنجامی دەدەین. ئەمە کارێکە ئاسان نییە، دەشبێتە کولتوورێک بۆ یانەکەمان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە