تۆتێنهام بەرامبەر مان یونایتد.. یارییەک بە ناونیشانی خۆڕزگارکردن لە قەیران

27-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن تۆتێنهام مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نە کەس هیواخوازە وەک مانچێستەر یونایتد لەنێو نادڵنیایی و دڵەڕاوکە و بەرزونزمیی ئەم ماوەیەی دواییدا بێت. نە کەس وەک تۆتێنهام هیوادارە بکەوێتە گێژاوێکەوە نە سەرەتای دیار بێت، نە کۆتایی.
 
تۆتێنهام هۆتسپێر، لە دوایارییەکانی گەڕی سی و سێی پرێمەرلیگدا، میوانداریی مانچێستەر یونایتد دەکات.. ئەگەر بەریەککەوتنەکانی پێشووی ئەم دوو یانەیە، پێگەیشتنی دوو تیپی بەهێز و کاریگەر بووبێت، ئەمجارەیان بەریەککەوتنی دوو تیپە، کە تاوەکو ئەژنۆیان لەنێو کێشە و تەنگژەی جیاوازدایە.
 
تۆتێنهام، لە ناسەقامگیرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ زۆر ناسەقامگیری، دۆخێک کە هەموو شتێکی لە تیپەکەدا تێکداوە.. تیپێک تاوەکو سەرەتای ئەمساڵیش وەک رکابەر لەسەر نازناو و وەک سەرئێشە بۆ گەورەکان و وەک گەورەیەک لێی دەڕوانرا، کەچی ئێستا پەلەقاژەیەتی تا کورسییەکی وەرزی داهاتووی ئەوروپا بەدەستبهێنێت و بەدڵنیاییەوە ئەو کارەشی ئاسان نابێت و ئەستەمە رووبدات.
 
تۆتێنهام  بەزنجیرەیەک یاری ئاستنزم و ئەنجامی خراپدا گوزەری کرد، لە کۆتاییدا هەموو شتێک لەبەریەک هەڵوەشا کاتێک ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری پێشوو، بۆمبە گەورەکەی فڕێدایە بەردەمی رۆژنامەڤانان و گوتی ئەم یانەیە و ئەم تیپە بردنەوەی ناوێت.
 
کۆنتی رۆیشت و ستیلینی هاتە جێگەی، ستیلینی لەگەڵ تیپێکی داڕووخاو و ژوورێکی جلگۆڕینی ناکۆک و ناتەبادا هیچی پێنەکرا و سێ شکست لە چوار یاریدا، هەرزوو سەریان کێشا بۆ ئەوەی ئەو راهێنەرەش لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و ریان مایسۆن جارێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتی، مەشقدانی تیپەکە وەربگرێتەوە.
 
مایسۆن پێشتر ساڵی 2021 لە حەوت یارییدا سەرپەرشتی تۆتێنهامی کرد و ئەوکات چوار بردنەوە و سێ یەکسانبوون ئەنجامەکانی بوو لەگەڵ هۆتسپێر، بەڵام ئەمجارە گەرچی جارێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتیی هاتووەتەوە، بەڵام وەکخۆی گوتوویەتی ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی مەشقدانی یانەکە بەشێوەی هەمیشەیی.
 
ئەگەر ئەمە دۆخی تۆتێنهامی خاوەن یاریگە بێت لە یارییەکەی ئەمشەودا، مانچێستەری میوان گەرچی لە رووی ئەنجامەوە باشترە، بەڵام وەرزێکی ناسەقامگیر و پڕ لە هەڵچوون و داچوونی هەیە.. مان یونایتد کە یەکەم وەرزی کارکردنی لەگەڵ ئیریک تێن هاگ بەبردنەوەی نازناوی کاراباو کەپ دەستپێکردووە و لە جامی فا کەپیش لە یاریی کۆتاییە، بەڵام بێتوانایی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان، سەرئێشەی زۆریان بۆ تیپەکە دروستکردووە.
 
خوێندنەوە بۆ یونایتدی ئێستا، دوو ئاراستەی جیاوازە، هەندێک بەسەرکەوتووی دەبینن، هەندێکی دیکە دەڵێن نەخێر یانەکە لە بازنەی شکستەکانی خۆیدا ماوەتەوە.. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا یەکلای دەکاتەوە یونایتد سەرکەوتوو یان شکستخواردووە، بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگە و ئەمساڵیش ئەو یانەیە، لەو نازناوەوە زۆر دوورە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە