تێن هاگ: یاریزانانی تۆتێنهام لە ئێمە برسیتر نین

رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هۆشداری ئەوەی دایە یاریزانەکانی کە یارییەکەی تۆتێنهام زەحمەت دەبێت، چونکە ئەوان دوای شکستە گەورەکەیان بەدەست نیوکاسڵەوە تووڕەن و دەیانەوێت بە ئاست و ئەنجامێکی باش بگەڕێنەوە. گوتیشی "ئەوان لە ئێمە برسیتر نین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:15 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی 33ـی پرێمەرلیگدا، یانەی مانجێستەر یونایتد لە لەندەن دەبێتە میوانی تۆتێنهام.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە دەبێت یاریزانەکانی بە وریایی و بە بایەخەوە یاری بکەن.
 
راهێنەری هۆڵەندیی یانەی شەیتانە سوورەکان، گوتی "بەڕاستی نیوکاسڵ بەخراپی لە تۆتێنهامی بردەوە، بێگومان ئەوان تووڕەن. ئەوە دەکرێت هاندەرێک بێت بۆ کاردانەوەیەک. بەڵام ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، بەرامبەر هەرگیز ناتوانێت لە ئێمە برسیتر بێت، بۆیە دەبێت ئێمەش بەو عەقڵیەتە ئامادەکاری بۆ یارییەکە بکەین". 
 
ئەو گوتیشی "دڵنیابن کە ئامادەین بۆ ئەم یارییە بۆ ئەوەی باڵادەست بین و کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکەین".
 
دەربارەی هاری کەین، هیرشبەری تۆتێنهام بەسەر ئەو یارییەوە؟ تێن هاگ گوتی "کاریگەری ئەو لە کاتی یارییەکانی تۆتێنهامدا تەواو ئاشکرایە، بێگومان پلانمان هەیە بۆ ئەوە، لە کاتی یارییەکەی نێو یاریگەمان زۆر باش بووین، بۆیە پێویستمان بە پلانێکی باش هەیە بۆ ئەم یارییە، دەبێت وەک تیپێک بەرگری لە بەرامبەر کەین بکەین". 
 
تێن هاگ، زیاتر پەسنی هاری کەینی دا و گوتی "کەین یاریزانێکی بەتوانایە، بۆیە رێگەی پێنادەین بچێتە دۆخێکەوە کە بتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر یارییەکە دروست بکات".