ڤیدیۆ؛ مان سیتی هەنگاوێکی گرنگ لە نازناوی پرێمەرلیگ نزیکبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی گڕی بەدرایە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ و یاریی لووتکەی خولەکەی، بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بردەوە.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولەکەدا، مانچێستەر سیتی میوانداریی ئارسیناڵی کرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
دوای 7 خولەک یارییکردن، کیڤن دیبرۆین سوودی لە پاسێکی ئێرلینگ هالاند وەرگرت و بەلێدانێک تۆڕی گۆڵی یانەی ئارسیناڵی هەژاند و خاوەن یاریگەی پێشخست.
 
دوای گۆڵەکە هالاند هەلێکی ئاسانی بۆ زیادکردنی ئەنجامەکە لەدەستدا، بەڵام پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم جۆن ستۆنز گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا جارێکی دیکە هالاند ئاسیستی کرد و دیبرۆین گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی مان سیتیی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 86 رۆب هۆڵدینگ گۆڵێکی بۆ یانە لەندەنییەکە تۆمارکرد، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە خولەکێک ئێرلینگ هالاند برینەکانی ئارسیناڵی قوڵتر کرد و گۆڵی چوارەمی تیپەکەی گواردیۆلای تۆمارکرد و مانچێستەر سیتی یارییەکەی بە 4-1 بردەوە.
 
ئەمە گۆڵی ژمارە 33ـی یاریزانە نەرویجییەکەیە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، بە گۆڵێکی دیکە ریکۆردی ئالان شیرەر بۆ تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی پرێمەرلیگدا یەکساندەکاتەوە.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە مانچێستەر سیتی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 73 خاڵ و دوو خاڵ لە ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندەوە دوورە، بەڵام مان سیتی دوو یاریی کەمتری ئەنجامداوە و بەبردنەوەی یەکێک لە یارییەکانی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە تیپەکەی میکێل ئارتێتا وەردەگرێت.