ڤیدیۆ؛ مان سیتی یەکەم هەنگاوی بەرەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هاوێشت

27-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ریال مه‌درید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش و پڕ لە گۆڵدا، مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی خۆیدا یەکەم تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند و لە ریال مەدریدی بردەوە.
 
مانچێسەر سیتی لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئیتحاد میوانداری ریال مەدریدی کرد و بە ئەنجامی 4ــ3 لێیبردەوە و هەنگاوێکی بەرەو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە هاوێشت.
 
دوای تەنیا دوو خولەک لە دەستپێکردنی یارییەکە، کیڤن دی برۆین سوودی لە ئۆفەرێکی ریاز مەحرز وەرگرت و بەسەر گۆڵی یەکەمی بۆ مان سیتی تۆمارکرد.
 
هەشت خولەک دواتر گابریێل خیسۆس گۆڵی دووەمیشی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمارکرد.
 
ریال مەدرید خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەکی 33ـدا کەریم بنزیما گۆلی یەکەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا جارێکی دیکە تیپی خاوەن یاریگە دەستپێشخەربوو، فیلیپ فۆدین lلە خولەکی 53ـدا تۆڕی کۆرتوای هەژاند و ئەنجامەکەی کردە 3ـ1 بۆ مان سیتی، بەڵام ڤینیسیۆس تەنیا دوو خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم بۆ تیپی میوان تۆمار بکات.
 
زنجیرەی گۆڵکردن لە یارییەکەدا بەردەوام بوو، ئەمجارە بێرناردۆ سێلڤا لە خولەکی 74 گۆڵی چوارەمی مانچێستەر سیتی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 82 بنزیما بە لێدانی سزا، کە لەسەر شێوازی پانێنگا جێبەجێیکرد گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و یارییەکە 4-3 لە بەرژەوەندی مان سیتی کۆتاییهات، کە هەردوو یانە چوارشەممەی داهاتوو لەنێو سانتیاگۆ برنابیۆدا یاریی گەڕانەوە ئەنجام دەدەن و بلیتی یاریی کۆتایی لەنێو خۆیاندا یەکلایی دەکەنەوە.
 
ئەمشەو لە دووەم یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتاییدا، یانەی لیڤەرپوول کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد میوانداری یانەی ڤیاریالی ئیسپانی دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە