رۆناڵدینیۆ لە پارەگوای فێڵی لێکراوە

27-04-2020
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

 

بۆ یەکەمجار دوای زیندایکردنی، رۆناڵدینیۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل بێدەنگی شکاند، دوای ئەوەی بەهۆی دروستکردنی پاسپۆرتی ساختەوە، لە پاراگوای دەستگیرکرا.

رۆناڵدینیۆ ئازاد کرا، بەڵام دواتر گوازرایەوە بۆ هۆتێلێکی وڵاتی پاراگوای و ئێستا لەژێر چاودێریی زۆرەملێدایە. 

ئاژانسی "ئەی بی سی" هەفپەیڤینێکی لەگەڵ ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا ساز کردووە و رۆناڵدینهۆ دەڵێت: "هەرگیز بەبیرمدا نەدەهات، تووشی مامەڵەیەکی لەو شێوەیە ببم، چونکە ئەوە گورزێکی کەمەرشکێن بوو کە بەر کەسایەتیی من کەوت".

هەروەها دەشڵێت: "من بۆ ئەوە چووم بۆ پاراگوای کە گازینۆیەک بکەمەوە، سەرجەم کارەکانی گرێبەستەکە لەلایەن براکەمەوە رێکخرابوو، بەڵام کاتێک بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیان گوتین سەرجەم بەڵگە و گرێبەست و پاسپۆرتەکەمان ساختەیە، ئەوە بۆ ئێمە شۆکێکی گەورە بوو".

ئەستێرەکەی بارسێلۆنا بە ئاژانسەکەی گوتووە: "لە یەکەم ساتەوە هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوە بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزەرەکەمان بۆ دەرخستنی راستییەکان بووە، بەڵام هەمیشە بڕوام بەوە هەبووە، هەموو ئەنجامەکانی ئەو دادگاییە بەو شێوە دەبێت کە بەدڵی ئێمە بێت، خوازیارم بەمزووانە کۆتایی بەم بابەتە بێت و ئەو کەیسە بە یەکجاریی دابخرێت".

لە وەڵامی پرساری لە زیندان چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، رۆناڵدینیۆ لە وەڵامدا دەڵێت: "بەخۆشەویستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردم، خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ دەربڕیم، پێکەوە لەگەڵ زیندانییەکان، یاریی تۆپی پێمان کرد، چونکە تۆپی پێ بەشێکی گەورەی ژیانم پێکدەهێنێت، لە هیچ بارودۆخێکدا، هیچ هۆکارێک نادۆزمەوە بۆ ئەوەی لە یاری تۆپی پێ بووەستم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە