هه‌ڵبژارده‌ی عێراق رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ئه‌وروپی ده‌بێته‌وه‌

رووداو ـ هه‌ولێر

كۆمپانیایه‌كی جیهانی تایبه‌ت به‌ رێكخستنی یارییه‌ دۆستانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، داواكارییه‌كی پێشكه‌شی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق 2 یاری دۆستانه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی به‌سره‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی سربیا ئه‌نجام بدات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆیدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، داواكاری ئه‌و كۆمپانیایه‌ی پێشكه‌شی سریچكۆ كاتانیچی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی كردووه‌.


هه‌ڵبژارده‌ی سربیا

به‌پێی سه‌رچاوه‌ییه‌كی نزیك له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، كاتانیچی راهێنه‌ر رازی بووه‌ ته‌نیا یه‌ك یاری دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی سربیا ئه‌نجام بدرێت، له‌ 1/6/2019 له‌سه‌ر یاریگه‌ی به‌سره‌ی نێوده‌وڵه‌تی.

هه‌ڵبژارده‌ی سربیا، یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ به‌هێزه‌كانی ئێستای كیشوه‌ری ئه‌وروپا، كه‌ پله‌ی 28ی له‌ ریزبه‌ندی فیفادا بۆ باشترین هه‌ڵبژارده‌كانی جیهان گرتووه‌.