رووداو دیجیتاڵ
خیسۆس کاساس، لە راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق دوورناخرێتەوە و بەشی زۆری ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ مانەوەی راهێنەرەکەن.
شەوی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی داهاتووی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەنجامدراوە، ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و خیسۆس کاساس لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین یاریی عێراق و دۆڕانیان بەرامبەر فەڵەستین کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق و ئەگەری سەرکەوتنی بۆ مۆندیال کردووە، دوای گفتوگۆیەکی درێژ، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بڕیاردراوە خیسۆس کاساس لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامبێت.
رووداو زانیوویەتی، رۆژی چوارشەممە بەر لە گەڕانەوەی خیسۆس کاساس و یاریدەدەرەکانی بۆ بەغدا، ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لەو بارەیەوە کۆبوونەتەوە، گۆڤەند عەبدولخالق، ئەندامە کوردەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی "کێشەی عێراق لە بەڕێوەبردندایە نەک راهێنەر، بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری بکرێت دەبێت لە بەڕێوەبردنی تیپەکەدا بکرێت نەک راهێنەر."
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق دوای دۆڕانی بەرامبەر فەڵەستین کەوتە نێو دۆخێکی خراپ و تەنیا دوو یاریی لە پاڵاوتنەکاندا ماوە، بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن و پێویستە هەردوو یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال.
گرێبەستی خیسۆس کاساس لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تاوەکو ساڵی 2027ـە، مووچەی ساڵانەی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلارە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی 500 هەزار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ