ڤیدیۆ؛ سەرکەوتنەکانی ئەلکاراز لە مەیامی بەردەوامن

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی، هەنگاوێکی دیکە چووە پێشەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیی تێنسی مەیامی.
 
کارلۆس ئەمجارە بەرامبەر لۆرێنزۆ موسێتیی ئیتاڵی یارییکرد، ئەوەی چاوەڕواندەکرا روویدا و ماتادۆر هەر زوو کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ تەواوکرد و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، تێنسزانە ئیتاڵییەکە لە رکابەریکردنی ئەلکاراز سەرکەوتوو نەبوو، بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی یەکەم رکابەرییەکە تەواو بوو، کارلۆس ئەلکاراز شەش سێ ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و بە کاژێرێک و 25 خولەک گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
لە یاریی داهاتوودا کارلۆس ئەلکاراز بەرامبەر گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری یاریی دەکات.
 
گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری یارییەکی پڕ رکابەری و سەرنجڕاکێشی بەرامبەر هێربەر هورکاشی پۆڵەندی ئەنجامدا و بەزەحمەت خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
سەرەتا یارییەکە پێشکەوتنی هورکاشی بەخۆیەوە بینی، کاتێک کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، دیمیترۆڤ گەڕایەوە و بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی یەکەم، شەش سێ یارییەکەی یەکسانکردەوە و رکابەرییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، یارییەکە گەیشتە لووتکە، تووڕەیی کاریگەرییەکی خراپی لە هورکاش کرد و بەهۆی ماندووبوونەوە بیرکردنەوەی لەدەستدا، بەمەش لە تای برێکدا بە حەوت شەش دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.
 
دیمیترۆڤ دوای دوو کاژێر و 41 خولەک گەیشتە قۆناخی هەشت.
 
ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی و چوارەمی ریزبەندی جیهان، بە ئاسانی خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر کارین خاشانۆڤی رووسی تۆمارکرد.
 
زڤێرێڤ بە توانا و ورەیەکی بەرزەوە چووە نێو رکابەرییەکە و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش یەک لە بەرژەوەندی خۆی تەواوکرد.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، کارین زۆر هەوڵیدا بگەڕێتەوە و باشتر لە کۆمەڵەی یەکەم یارییکرد، بەڵام ئەزموون و توانای بەرزی تێنسزانە ئەڵمانییەکە کۆتایی بە کاروانی ئەو یاریزانە هێنا و بە شەش چوار کۆمەڵەی دووەمی بردەوە.
 
زڤێرێڤ دوای کاژێرێک و 9 خولەک شوێنی خۆی لە قۆناخی هەشتی تێنسی مەیامی کردەوە و لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر فابیان مارۆزسانی هەنگاری یاریی دەکات.