رۆدیگێر سکاڵا لە دژی ئەو رۆژنامەڤانە تۆماردەکات کە بە داعش تۆمەتباری کردبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکاری ئەڵمانی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رێکاری یاسایی لە دژی سەرنووسەری رۆژنامەیەکی ناوخۆ تۆماردەکات، کە یاریزانەکەی بە داعش تۆمەتبارکردبوو.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای ئەوەی رۆدیگێر، وێنەیەکی خۆی لە کاتی نوێژکردندا بڵاوکردەوە و پەنجەیەکی بەرزکردەوە، رۆژنامەڤانێک بە ناوی جولیان رایشێلت، لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی "سڵاوی رۆدیگێر سڵاوێکی ئیسلامییە و دەستوور ئەم ئاماژەیە بە "پەنجەی داعش" نێودەبات".
 
ئەم هەڵسوکەوتەی درێشڵت شەپۆلێکی تووڕەیی لای ئەو یاریزانە و یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیدا دروستکرد و دەستبەجێ دەستیانکرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامەڤانە.
 
ئەو یاریزانە بەتۆمەتی سووکایەتیکردن و ناوزڕاندن و هاندانی فیتنە، لای داواکاریی گشتی بەرلین سکاڵای تاوانکاری لە دژی ریشڵت تۆمارکرد، هەروەها یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا سکاڵای تۆمارکرد و پۆستەکەی ریشێڵتی وەک وتارێکی هاندان بۆ گیانی رق و کینە بۆ داواکاریی گشتی ناردووە.
 
دوای ئەم تۆمەتانەی رۆژنامەڤانە ئەڵمانییەکە دایە پاڵ رۆدیگێر، بەرگریکارە ئەڵمانییەکە بڕیارییداوە رێکاری یاسایی لە دژی ریشێلت بگرێتەبەر و سکاڵای لە دژی تۆماربکات.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رێکاری یاسایی لە دژی رایشێلت دەگرێتەبەر و پێی وایە ئەوەی ئەو کردوویەتی پەیامێکی پڕ لە رق و کینەیە.
 
تیمی یاریدەدەری ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، سکاڵایان لە دژی ئەو رۆژنامەڤانە تۆمارکردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی سووکایەتیی بە یاریزانەکە کردووە و پەیامەکانی هاندانە بۆ فیتنە، بەڵام یاریزانەکە خۆی نەیویستووە هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەو پەیامەوە بدات.
 
ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، لەم هەفتەیەدا دوو یاریی بەدرێسی ئەڵمانیاوە بەرامبەر فەرەنسا و هۆڵەندا ئەنجامدا و چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێری داهاتوو بگەڕێتەوە مەدرید بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدرید و خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی داهاتوو.
 
ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، یاریزانێکی موسڵمانە و لە بۆنە جیاواز و ئاینییەکاندا بەردەوام بە دەرکەوتن و پۆستە جیاوازەکانی لە سۆشیاڵ میدیادا کاردانەوەی گەورە دروستدەکات.