کەڵەشێرەکەی فەرەنسا کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە

27-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فەرەنسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

درێسی نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە پێیەوە دەرکەوت کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەران لێی ناڕازین.
 
فەرەنسا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە یارییەکی دۆستانەدا میوانداریی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای کرد، هەڵبژاردەکە بەدرێسی سەرەکییەوە کە رەنگی شینە یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا، دۆڕانی فەرەنسا کاردانەوەی دروستکرد، بەڵام شێوازی درێسی هەڵبژاردەکە کاردانەوەیەکی گەورەتری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
درێسەکە لەلایەن کۆمپانیای نایکی ئەمریکییەوە دیزاینکراوە و هاوینی داهاتوو، ئەوە درێسی سەرەکی فەرەنسا دەبێت لە یۆرۆی 2024، کە یارییەکانی لە ئەڵمانیا دەکرێن.
 
رۆژنامەی سەنی بەریتانی دەڵێت "هاندەرانی فەرەنسا لە قەبارەی ئەو کەڵەشێرە ناڕازین، کە بەشێوەیەکی زۆر گەورە لەسەر درێسەکە نەخشێنراوە و پێیانوایە ئەوە درێسەکەی ناشرینکردووە."
 
بەپێی رۆژنامەکە هاندەرانی فەرەنسا داوا دەکەن گۆڕانکاری لە قەبارەی کەڵەشێرەکە بکرێت لەسەر درێسەکە.

 
هاندەرێک دەڵێت "قەبارەی کەڵەشێرەکە زۆر گەورەیە و پێویست نەبوو بەو شێوەیە درێسەکە دیزاین بکرێت و بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە و هیچ بیانوویەکی نییە."
 
بەشێکی هاندەرانی فەرەنساش پێیانوایە ئەوە شتێکی ئاساییە، لەکاتێکدا کەڵەشێر سیمبۆلی سەرەکیی هەڵبژاردەی فەرەنسایە.
 
ئەوەی نایک دیزاینی کردووە، هەر لەسەر درێسە شینەکەی هەڵبژاردەکە نییە، بەڵکو لە یاریی بەرامبەر چیلیش کە شەوی سێشەممە کرا، فەرەنسا بەدرێسی دووەمەوە دەرکەوت و بەهەمان شێوە وێنەی کەڵەشێر بە قەبارەیەکی گەورە لەسەر درێسەکە نەخشێنراوە.

 
درێسی یەکەمی فەرەنسا بۆ یۆرۆی 2024 رەنگی شین دەبێت و درێسی دووەمی رەنگی سپی دەبێت، بەپێی ماڵپەری فۆت سۆکەر، نرخی درێسە شین و سپییەکە دەگاتە 109 یۆرۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە