ڤیدیۆ؛ لە یارییەکی پڕ لە پێناڵتیدا بەرازیل و ئیسپانیا یەکسانبوون

27-03-2024
ئیحسان تاهیر
Photo by Pierre-Philippe MARCOU / AFP
Photo by Pierre-Philippe MARCOU / AFP
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریی دۆستانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکسانبوونێکی ئەرێنی 3-3 ئەنجامی کۆتایی یاریی دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەرازیل بوو، کە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەچوو.
 
یارییەکە بە گوشاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەستیپێکرد، پێش ئەوەی لامین یامال بچێتە نێو ناوچەی سزای بەرازیل و لێدانێکی سزا بۆ ئیسپانیا بەدەستبهینێت، کە رۆدری کاپتن بە سەرکەوتوویی جێبەجێی کرد و لە خولەکی 12 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ لارۆخا تۆمارکرد.
 
یەکەم وەڵامی بەرازیلیەکان لە خولەکی 16 بوو، لە رێگەی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە کە تۆپێکی بەهێزی لێدا، بەڵام کۆتاییەکەی لە باوەشی گۆڵپارێز ئونای سیمۆندا بوو.
 
فابیان رویز لە خولەکی 20 نزیکبوو گۆڵی دووەم بۆ ئیسپانیا تۆماربکات، بە لێدانێکی مووشەکی، بەڵام تۆپەکەی هەندێک بەرز بوو، و بەسەر گۆڵەکەی پینتۆی گۆڵپارێزدا تێپەڕی.
 
لە خولەکی 36 دانی ئۆلمۆ گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیادکرد، کاتێک پاسێکی لەلایەن لامین یامالەوە پێگەیشت، و ئەویش بە لێدانێکی مووشەکئاسا تۆڕی گۆڵی بەرازیلی هەژاند.
 
رۆدریگۆ دوای تەنیا 4 خولەک گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەی بەرازیلی تۆمارکرد، کاتێک هەڵەیەکی کوشندەی ئونای سیمۆنی گۆڵپارێزی ئیسپانیای قۆستەوە.
 
لە سەرەتای گێمی دووەمدا، ئیندرێکی یاریزانی لاوی ریال مەدرید، لە خولەکی 50 گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 86 رۆدری بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئیسپانیای تۆمارکرد، بەڵام بەرازیلییەکان خۆیان بەدەستەوە نەدا و لە خولەکی 6ـی زیادکراودا، پاکێتا بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەم و یەکسانبوونی بۆ بەرازیل تۆمارکرد و یارییەکە 3-3 کۆتاییهات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە