هەواڵی نوێ لەبارەی پێکانەکەی کاماڤینگاوە

27-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێدوارد کاماڤینگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدوارد کاماڤینگا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید، تووشی پێکانبوو و هاندەرانی یانەی شاهانە چاوەڕێی دەرکەوتنی جۆری پێکانی ئەو یاریزانە و وادەی دوورکەوتنەوەی دەکەن.
 
لە یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و چیلی، کاماڤینگا لە خولەکی 41 تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە بەناچاری لەلایەن راهێنەری فەرەنساوە گۆڕانکاریی پێکرا و یاریزانەکە چووە دەرەوەی یاریگە.
 
بەپێی هەواڵی رادیۆی مۆنتی کارلۆ، یاریزانەکە لە پاژنەی پێی چەپیدا تووشی هەوکردن بووە و ئەوە لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، بەڵام پێویستیی بە پشکنینی زیاتر هەیە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "لە چەند کاژێری کەمی داهاتوودا، پشکنینی دیکە بۆ کاماڤینا دەکرێت، دەردەکەوێت کە یاریزانەکە چەند لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و جۆری پێکانەکەشی بەتەواوی دیاری دەکرێت."
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکانی ئەمڕۆ، یەکلادەبێتەوە کە یاریزانە فەرەنسییەکە لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی دەکات یان نا.
 
پێکانی کاماڤینگا لەکاتێکدایە، رۆژی 9ـی مانگی داهاتوو، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر مانچێستەر سیتی دەکات، هاندەرانی یانەی شاهانە نایانەوێت ئەو یاریزانە لەو یارییە گرنگەدا لەگەڵ تیپەکەیان نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە