هەلی کۆتایی بۆ 7 یاریزانی مانچێستەر یونایتد

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا وردە وردە لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە، یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ وەرزی داهاتوو دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەیدا بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا 7 یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد، ئەم وەرزە دوایین هەلە بۆ ئەوەی بتوانن ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن و بەردەوامبوونی خۆیان لەگەڵ یانەکە مسۆگەربکەن، لەکاتێکدا یانەکە ماوەیەکی زۆرە لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ دوورە.
 
ئانتۆنی مارسیال
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی زە سەن، ئانتۆنی مارسیال، هێرشبەری فەرەنسی لەکاتێکدا بە کاتێکی باشدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی تێن هاگ بووە راهێنەری یانەکە، بەڵام ئاستبەرزیی مارکۆس راشفۆرد راهێنەرەکەی ناچارکردووە بە یەدەگ پشت بە مارسیال ببەستێت و هەلی یارییکردن کەم بێت، بیرۆکەی تێن هاگیش بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێک بۆ پڕکردنەوەی شوێنی رۆناڵدۆ هێرشبەرە فەرەنسییەکە بۆ چوونە دەرەوە لە ئۆڵدترافۆرد نزیکتر دەکاتەوە.
 
گرێبەستی مارسیال لە مانچێستەر یونایتد لە 2024 کۆتاییدێت، مان یونایتد دەیەوێت بە پارەیەکی باش یاریزانە بفرۆشێت و بە پارەی فرۆشتنی ئەو کار بۆ گرێبەستی دیکە بکات.

 
سکۆت ماکتۆمینای
 
بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری یاریزان لە هێڵی ناوەڕاستدا، لەوانەش فرێد، کاسیمێرۆ، کریستیان ئێریکسن و مارسێل سابیتزێر، یانە ئینگلیزییەکە بیر لە دەستبەرداربوون لە ماکتۆمینای دەکاتەوە.
 
ئیدی هاو، راهێنەری نیوکاسل بە تواناکانی ئەو یاریزانە سەرسامە و داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەستپێبکەن.

 
ڤیگۆرست
 
هێرشبەرە باڵابەرزەکەی هۆڵەندا بەشێوەی خواستن لە یانەی بێرنلییەوە پەیوەندیی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە بۆ ئەوەی قەرەبووی رۆیشتنی رۆناڵدۆ بکاتەوە، بەڵام یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانیووە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات.
 
ئەم یاریزانە یەکێکی دیکەیە لەوانەی ناوی لە لیستەکەی مان یونایتددا هەیە و چاوەڕواندەکرێت گەڕانەوە بۆ بێرنلی باشترین بژاردەی یاریزانەکە بێت.

 
ئارۆن وان بیساکا
 
ئێریک تێن هاگ، جگە لە دیۆگۆ دالۆت بە هیچ یاریزانیکی دیکەی باڵی راست نابەستێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی وان بیساکا بیر لە رۆیشتن بکاتەوە.
 
ساڵی داهاتوو وان بیساکا گرێبەستەکەی لەگەڵ مان یونایتد کۆتاییدێت، مان یونایتد دەیەوێت بە پارەیەکی باش دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، کریستال پاڵاس گرنگی بەتواناکانی یاریزانەکە دەدات کە پێشتر لەو یانەیە یارییکردووە.

 
دەیڤد دیخیا
 
گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە سەرەڕای ئەوەی بە ئاستە بەرزەکەیەوە بەرگریی زۆری لە گۆڵی یانەکەی کردووە، بەڵام کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی داهاتوو و رازینەبوونی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە مووچەی ئێستای رەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی لە یانەکە بڕوات.
 
دیخیا لە 2011ـەوە گۆڵپارێزی سەرەکی مان یونایتدە و ئاستێکی بەرزی هەیە، بەڵام لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا مان یونایتد ناچار دەبێت بیر لە بژاردەی دیکە بکاتەوە.


هاری ماگوایەر
 
خۆی دەڵێت من باشترین بەرگریکاری ئینگلتەرام، بەڵام مانچێستەر یونایتد گرنگیم پێنادات، دوای ئەوەی تێن هاگ بووە راهێنەر، لە کاپتنی سەرەکییەوە کرایە یەدەگ، یانەکە ئێستا رافایێل ڤاران، لیساندرۆ مارتینێز و ڤیکتۆر لیندلۆڤی هەیە و هەلی یارییکردنی ماگوایەر زۆر کەمبووەتەوە.
 
یانەی ئینتەرمیلان گرنگی بە تواناکانی یاریزانەکە دەدات و ئەگەری هەیە ئەم وەرزە دوایین وەرزی یاریزانەکە لە ئۆڵدترافۆرد.

 
مارسێل سابیتزێر
 
یاریزانە نەمساییەکە بەشێوەی خواستن لە بایرن میونشنەوە چووەتە مانچێستەر یونایتد بۆ ئەوەی بۆشایی کریستیان ئێریکسن پڕبکاتەوە، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە، بەڵام یاریزانەکە نەیتوانیووە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و نەبووەتە هۆی رازیکردنی تێن هاگ، بۆیە چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە لە یانەکە بڕوات.
 
بەتایبەتیش کە ئێریکسن دەگەڕێتەوە، یاریزانەکە دەچێتەوە سەر کورسی یەدەگ و یاریزانە دانیمارکییەکە بەشێوەی سەرەکی یاریی پێدەکرێت.