یانەیەکی بەنێوبانگی ئینگلتەرا داوای نایگلێسمان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یولیان نایگلێسمان، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن، دوای چەند رۆژێکی کەم لە دوورخستنەوەی لە کارەکەی ناوی بە چەند یانەیەکەوە بەستراوەتەوە و یانەیەکی ئینگلیزیش هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرەکە دەستپێکردووە.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت "دانیێل لیڤی، سەرۆکی یانەی تۆتێنهام دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ نایگلێسمان بکات، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت، دوای ئەوەی یانەکە و ئەنتۆنیۆ کۆنتی لە یەکدی جیابوونەوە.
 
شەوی یەکشەممە یانەی تۆتینهام لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا جیابوونەوەی بە رێککەوتن لەگەڵ کۆنتی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی راهێنەرەکە لە ماوەی رابردوو قسەی زۆری لەبارەی یانەکەوە کرد و ماوەیەکی زۆریش بەهۆی نەخۆشییەوە لە تیپەکە دوورکەوتەوە.
 
نایگلێسمان رۆژی هەینی رابردوو لە پۆستی راهێنەرایەتی بایرن میونشن دوورخرایەوە، جگە لە یانەی تۆتێنهام ناوی راهێنەرەکە بە یانەی ریال مەدریدیش بەستراوەتەوە.
 
راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە تۆتێنهام بیر لەوەش دەکاتەوە، جارێکی دیکە ماورێسیۆ پۆچێتینۆ بگەڕێنێتەوە یانەکەی، کە لە 2014 تاوەکو 2019 راهێنەرایەتی یانەکەی کردووە و لە دوایین وەرزی کارکردنی لەگەڵ یانەکەدا تۆتێنهامی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.