سوپرایزێک بۆ مێسی.. هەموو یانەکانی ئەمریکا مووچەی ئەفسانەکەی ئەرجەنتین دەدەن

27-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیا سوپرایزێکی گەورەیان لەبارەی داهاتووی لیۆنێل مێسییەوە تەقاندووەتەوە، ئاشکرایانکردووە، رێکەوتنێک لە ئەمریکا، مێسی بەتەواوی لە سانجێرمان و لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆناش دووردەخاتەوە.
 
گرێبەستی لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا نوێکردنەوەی گرێبەستەکە هیچ هەنگاوێکی کردەنی بۆ نەنراوە و مێسی تاوەکو ئێستا بە دەستەوارەی سانجێرمان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازینەبووە. لە کاتێکدا داواکاریی هاندەرانی بارسا بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی بلوگرانا، سات لە دوای سات زیاتر دەبێت.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، تاوەکو ئێستا بژاردەی چوونی مێسی بۆ ئەمریکا و خولی ئەو وڵاتە، وەک دوا وێستگەی یاریکردنی بەر لە وازهێنانی یەکجاری لە ئارادایە، بەڵام رێگرییەکی گەورە بۆ ئەو کارە هەبووە و ئێستا ئەو رێگرییە نەماوە.
 
بەپێی سیستمی کارکردنی یانەکانی ئەمریکا، لە دۆخی ئاساییدا، رێگە بە یاریزانانی ئەو خولە دەدرێت، لە 3 ملیۆن دۆلار وەک مووچە وەربگرن، لە دۆخی نائاساییدا رێگە دەدرێ مووچەکەیان 6 ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام بەو مەرجەی هەر یانەیەک تەنیا چەند یاریزانێکی هەبێت ئەو بڕە مووچەیە وەربگرن.
 
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، بەپێی ئەوەی تاوەکو ئێستا هەبووە، مێسی دووربووە لەوەی بچێتە ئەو خولە، چونکە بابەتی مووچەی سنووردار بووەتە بەربەست لەبەردەم ئەو کارەدا، بەڵام بەر لە شەش هەفتە، سەرۆکی یانەکانی خولی ئەمریکا، لە نێوان خۆیاندا رێککەوتوون لەسەر بنەمایەکی گرنگ و سەرنجڕاکێش بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
 
بەپێی ئەو رێککەوتنە یانەکان کۆکن لەسەر پێویستیی چوونی لیۆنێل مێسی بۆ خولی ئەمریکا لەپێناو گەشەپێدان و سەرنجڕاکێشانی میدیایی و جەماوەریی بۆ خولەکە، هەر بۆیە هەمووان ئامادەن هاوکاریی چوونی ئەو یاریزانە بۆ یەکێک لە یانەکانی خولەکە بکەن.
 
میدیاکانی کەتەلۆنیا گوتوویانە، دەقی رێککەوتنی نێوان یانەکان بریتییە لەوەی کە یانەکانی خولی ئەمریکا، بەشێک لە مووچەی مێسی دەدەن، تاوەکو ئەو یاریزانە خۆی یانەیەک هەڵبژێرێت و لەگەڵ یەکێک لە یانەکانی پاڵەوانێتییەکە بگاتە رێککەوتن بۆ یاریکردن.
 
یانەکان رازین بەوەی کە مێسی خۆی بڕیار بدات دەچێتە یانەی ئینتەر مەیامی، یان لۆس ئانجلۆس یان یانەیەکی شاری نیویۆرک.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی دەڵێ، یانەکانی ئەمریکا دەزانن کە ئەوان بەو رێککەوتنە مووچەی یاریزانێک دەدەن کە بۆ ئەوان یاریی ناکات، بەڵام ئەوان چاویان لەوەیە هاتنی مێسی بۆ خولەکە، سوودی دارایی بە هەموو یانەکان بگەیەنێت، بەتایبەت کە پێشبینیکراوە داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنیی خولەکە زۆر بەرز دەکاتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هەموو یانەکانی خولی ئەمریکا، داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنییان بە هاتنی مێسی، زۆر لەو بڕە پارەیە زیاتر دەبێت، کە وەک بەشێک لە مووچەی مێسی دەیدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە