ڤیدیۆ؛ پێش توانەوەی بەفر مارتن دەستی خۆی وەشاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یارییەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر بە بۆرد، مارتن نۆیرل ساڵەکەی خۆی خۆشترکرد، دوای ئەوەی بووە پاڵەوانی جامی جیهانی.
 
ئەمە پاڵەوانێتیی کۆتایی ساڵ بوو لە یارییەکانی سکەیتبۆردینگی سەر بەفر، ئەوەی بیبردایەتەوە تاوەکو ساڵێکی دیکە ئاهەنگی بەبۆنەی سەرکەوتنەکەیەوە دەگێڕا، چونکە بەهۆی هاتنی وەرزی گەرماوە ئیدی پاڵەوانێتییەکانی سەر بەفریش بەڕێوەناچن. 
 
یارییەکان لە چیای سانت ئان لە شاری کیوبێکی کەنەدا بەڕێوەچوون، تێیدا مارتن نۆیرل بووە پاڵەوان. 
 
مارن نۆیرلی ئەڵمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی پێش هەریەکە لە جێک فیدەر و ئیلیوت گرۆیندین و لوکاس ئیگیبار کەوت.
 
ئیگیباری ئیسپانی توانی پارێزگاریی لە پلەی دووەمی ریزبەندی باشترین یاریزانەکانی ساڵ بکات، دوای ئەوەی 436 خاڵی هێنا، بەڵام نۆیرلی ئەڵمانی بە 510 پلەی یەکەمی بەدەستەوەیە.
 
هەروەها لە رکابەرییەکی دیکەی هەمان پاڵەوانێتییدا، لەسەر ئاستی ئافرەتاندا، شارلۆت بانکسی بەریتانی شکستیهێنا و بەشێوەیەکی چاوەڕێنەکراو نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام چوار سەرکەوتنەکەی پێشووی یارمەتیدەری بوون بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم لەسەریەک ببێتە پاڵەوانی جیهان. 
 
جۆزێ بافی ئوسترالیش سوودی لە نائامادەیی شارلۆت بینی لە یاریی کۆتایی براوەبوو، پێش پیا زارکهۆڵد و کلۆی تریسبۆچ و ئێڤا ئادامزیکۆڤای کەوت.
 
تریسبۆچ پلەی دووەمی ریزبەندی گشتیی کۆتایی ساڵی بردەوە بە 650 خاڵ، بەڵام بانکس بە 723 خاڵ لە پلەی یەکەمدا، بافیش چووە پلەی سێیەم.