ڤیدیۆ؛ پۆرتوگال بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و رۆناڵدۆش پەیامی هەیە

27-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی کرد، بۆ بردنەوەی دووەم لەسەریەک و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی.
 
لە دووەم یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024 لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دەیەمدا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر لوکسمبۆرگ یارییکرد و یارییەکەی بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
 
9 خولەک یارییکردن بەسبوو بۆ ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆتایی بەبێدەنگی بهێنێت و گۆڵی یەکەم بۆ پۆرتوگال تۆماربکات، دوای 6 خولەکیش لەو گۆڵە جواو فیلیکس هەڵبژاردەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، سێ خولەک دوای ئەوەش بێرناردۆ سیلڤا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
 
هەر لە نیوەی یەکەمدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی پۆرتوگالی تۆمارکرد و هەر زوو خاوەن یاریگەی بێهیوا کرد.
 
لە خولەکی 65 کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڕانکاریی پێکرا، بەڵام رافایێل لیاو دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و هاوکاریی ئۆتاڤیۆشی کرد بۆ تۆمارکردنی گۆڵێک و یارییەکە بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی پۆرتوگال کۆتاییهات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 2 یاریی پاڵاوتنەکاندا 4 گۆڵی تۆمارکردووە، لە 11 یاریی بەرامبەر لوکسمبۆرگ 11 گۆڵی بەرامبەر هەڵبژاردەکە تۆمارکردووە.
 
دوای بردنەوەی یارییەکەش رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە گوتی "2 یاری و 2 بردنەوە، زۆر دڵخۆشم کە بەشداری دەکەم لەم سەرەتایە ئەرێنییەی هەڵبژاردەکەمان، با بەیەکەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە