ئاماژەکانی نێو کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا باش نین

27-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەواڵەکان لەنێو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە باش نین و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە چەند یاریزانێکی ئەو هەڵبژاردەیە واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنن.
 
راپۆرتە رۆژنەمەڤانییەکان لە ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە کە هەرسێ یاریزان، جیرۆ ئیمۆبیلی، لۆرێنزۆ ئینسینی و جۆرجینیۆ کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئازۆرییان جێهێشتووە، کە ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر تورکیا.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە هەریەک لە مارکۆ ڤیراتی، جیانلوکا مانشینی و دۆمینیکۆ بێراردیش کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیایان جێهێشتووە، بەڵام ئەوان داوایان لە رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەر کردووە رێگەیان پێبدات بگەڕێنەوە یانەکانیان و ئەویش رازیبووە.
 
سەبارەت بە ئیمۆبیلی، ئینسینی و جۆرجینیۆ، رۆژنامەکانی ئیتاڵیا دەڵێن "رۆیشتنی ئەوان لە کەمپەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەیانەوێت واز لە یاریی نێودەوڵەتی بێنن، بەهۆی ئەوەی کە دوای دۆڕانی ئیتاڵتا بەرامبەر مەسەدۆنیای باکوور و بێبەشبوون لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، رووبەڕووی زۆرترین رەخنەی ئیتاڵییەکان بوونەتەوە".
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ یاریزانەیە نەدراوە، بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای ئەم شکستە گەورەیە کار بۆ قۆناخێکی نوێ بکات و تیپێکی نوێ بە کۆمەڵێک یاریزانی نوێوە بۆ یۆرۆی داهاتوو دابنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە