دیبالا دەیەوێت سزای یوڤێنتوس بدات

رووداو دیجیتال

پاولۆ دیبالا، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، پلانێکی داڕشتووە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کەلەڕەقی خانمە پیرەکە لە دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

ماوەی گرێبەستی دیبالا لەگەڵ یوڤێنتوس لە هاوینی 2022 بەسەردەچێت، لەگەڵ ئەو یانەیەی کە تەنیا یەک دەستەوارەی بۆ نوێکردنەوەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکەی کردووە لە دەستپێکی وەرزەکەدا، ئەویش بە مووچەی 10 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەکانی ئیتالیا، دیبالا بەم مووچەیە رازی نابێت و چاوەڕوانی دەستەوارەیەکی نوێ لە یوڤێنتوس دەکات.

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە یوڤێنتوس بەنیاز نییە هیچ دەستەوارەیەکی نوێ پێشکەشی دیبالا بکات و لەوانەیە یاریزانەکە لە هاوینی داهاتوودا بفرۆشێت یان لە گرێبەستێکی ئاڵۆگۆڕیدا بەکاریبهێنێت.

رۆژنامەکانی ئیتالیا، دەشڵێن "دیبالا تووڕەیە و پلانێکی هەیە بۆ سزادان و تۆڵەکردنەوە لە یوڤێنتوس".

سەبارەت بە پلانەکەی دیبالاش دەڵێن "ئەگەر یوڤێنتوس بەرەدەوام بێت لەسەر کەلەڕەقییەکەی و هیچ دەستەوارەیەکی دیکە پێشکەشی نەکات، دیبالا دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا جێهێشتنی یوڤێنتوس رەتبکاتەوە".

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەم پلانە یوڤێنتوس تووشی کێشە دەکات، چونکە دیبالا دەچێتە ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک  بکات، ئەوەش زیانێکی دارایی گەورە بە یوڤێنتوس دەگەینێت.