ئەڵمانیا بایکۆتی مۆندیالی 2022 دەکات؟

27-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا مۆندیالی 2022
A+ A-

رووداو دیجیتال

فریتز کیلەر، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا رایگەیاند، فیدراسیۆنەکەیان دژی بایکۆتکردنی مۆندیالی 2022ـە، بەڵام پشتگیری لە هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەکات لە پشتگیریکردن لە مافی کرێکارانی کۆچبەر لە قەتەر.

یاریزانانی ئەڵمانیا پێش دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر ئایسلەندا لە گەڕی یەکەمی پاڵاوتنەکاندا، وشەی "مافی مرۆڤ"ـیان لەسەر درێسەکانیان نووسیبوو.

یاریزانانی نەرویجیش بەشێوەیەکی هاوشێوە لەپێش یارییەکەیان لەدژی جیبرالتار خۆپیشاندانیان کرد و پەیامی "مافەکانی مرۆڤ لەنێو و لە دەرەوەی یاریگەدا"ـیان لەسەر درێسەکانیان نووسیبوو.

ئەو دەستپێشخەریانە دوای لێکۆڵینەوەیەک هاتن کە لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا بڵاوکرایەوە و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە 6500 کرێکار بەهۆی رووداوەکانی پەیوەست بە یاریگاکانەوە گیانیان لەدەستداوە لەو کاتەوەی قەتەر لە ساڵی 2010ـدا مافی رێکخستنی مۆندیالی وەرگرتووە.

یانەی ترۆمسۆ، کە لە خولی نایابی نەرویجیدا یاری دەکات، داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی کرد بیر لە بایکۆتکردنی مۆندیال بکاتەوە، دوای ئەوەی راپۆرتی گاردیان بڵاوکرایەوە، بەڵام کیلەر دژایەتی ئەو بۆچوونە دەکات.

کیلەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فیدراسیۆنی ئەڵمانیادا، گوتی "قەتەر دەستی بە چەندین چاکسازی کردووە و پێشکەوتنی بەرچاویش هەیە، هەرچەندە هێشتا هەنگاوی دیکە هەن بۆ ئەنجامدانی".

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، گوتیشی "دەبێت ئێمە بەهاکانمان بەرز رابگرین و رێگە بدەین دەنگەکان هەموو کاتێ ببیسترێن، هەموو یاریزانێک خەون بە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیەوە دەبینێت لە مۆندیالدا، هاوکات دەزانن کە مافەکانی مرۆڤ سازشی لەسەر ناکرێت".

رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکاش، لەو بارەیەوە رایگەیاند "بایکۆتکردنی مۆندیال هەڵەیەکی گەورەیە".

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پرۆژە و کلتووری جامی جیهانی، هەموو ئەو ئامارە ترسێنەرانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە هەمیشە شەفاف بووین لەبارەی تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران و لەو کاتەوەی لە ساڵی 2014ـەوە دەست بە دروستکردنی یاریگەکان کراوە 3 مردنی پەیوەندیدار بە کار و 35 مردنی نا پەیوەست بە کارەکە هەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە