پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022.. رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەیانەوێت بچنە پێشەنگی کۆمەڵەکەیان

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی دووەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر دەستپێدەکەن و 11 یاری بەڕێوەدەچن.

لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، هەڵبژاردەی تورکیا، کە لە گەڕی یەکەمدا سوپرایزی کرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی هۆڵەندادا بەدەستهێناوە، کاژێر 20:00 بە کاتی باشووری کوردستان دەبێتە میوانی نەرویج، کە ئەمیش یاری یەکەمی لە جیبرالتار بردووەتەوە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵەکە.

لە یارییەکی دیکەی ئەو کۆمەڵەیدا، هۆڵەندا کە بە برینداری لە ئیستەنبوول گەڕاوەتەوە، دەیەوێت برینەکانی بە بردنەوە لە لاتڤیا ساڕێژ بکات، کە پێناچێت ئەرکی هۆڵەندییەکان لەسەر خاکی خۆیان زەحمەت بێت، بەو پێیەی میوانەکەیان تیپێکی بەهێز نییە و یاری یەکەمیشی بە مۆنتێنێگرۆ دۆڕاندووە.

کوڕانی فرانک دی بوێر زۆر پێویستیان بە سەرکەوتنە بۆ ئەوەی لە شۆکی ئیستەنبووڵ رزگاریان بێت و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر رێچکە راست و دروستەکە، کە دەیانگەینێتە قەتەر.

لە کۆمەڵەی یەکەمیشدا کێبرکێ و جۆش و خرۆشێکی زۆر لە یارییەکانیدا بەدیدەکرێت، بەتایبەتی یاری سربیا و پۆرتوگال، کە هەردووکیان شەڕ لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەکەن.

سربیا لە گەڕی یەکەمدا بە زەحمەت لە ئێرلەندای بردووەتەوە و پۆرتوگالیش بە زەحمەت شکستی بە ئازربایجان هێنا، بۆیە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی هەوڵدەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئاستە خراپەی سەرەڕای بردنەوەی 3 خاڵ لە بەرامبەر ئازەربایجان پێشکەشیان کرد، بە ئاستێکی بەرزەوە بەرامبەر سربیای بەهێز یاری بکەن و ببنە پێشەنگی کۆمەڵەکەیان، ئەگەرچی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیاندا یاری دەکەن.

لە کۆمەڵەی پێنجەمیشدا، چیک و بەلجیکا بەهەمانشێوە شەڕی پێشەنگی دەکەن، کاتێک بەلجیکا کە لە یاری یەکەمدا 3 - 1 لە وێڵزی بردووەتەوە، دەبێتە میوانی چیک، کە ئەویش لە گەڕی یەکەمدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ئیستۆنیادا بەدەستهێنا و بە نیو دەرزەن گۆڵ لێبردەوە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

رووسیا - سلۆڤینیا 17:00
مۆنتێنێگرۆ - جیبرالتار 17:00
نەرویج - تورکیا 20:00
هۆڵەندا - لاتڤیا 20:00
بیلاڕووسیا - ئیستۆنیا 20:00
کرواتیا - قوبرس 20:00
قەتەر - ئازربایجان 20:00
چیک - بەلجیکا 22:45
سلۆڤاکیا - ماڵتا 22:45
ئێرلەندا - لوکسمبۆرگ 22:45
سربیا - پۆرتوگال 22:45