رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لە کۆشکی ئێلیزێ لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر کۆدەبێتەوە و ئەم کۆبوونەوەیەش کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە.
بەپێی راگەیێنراوێکی کۆشکی ئێلیزێ، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر دەکات.
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت "لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر، ئێوارە خوانێک رێکدەخرێت، کە تێیدا کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان و ناسڕ خلێفی، سەرۆکی ئەو یانەیە ئامادەدەبن."
ئامادەبوونی ئێمباپێ لەو کۆبوونەوەیەدا کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان دەڵێن "ئەمجارە هیچ هەلێک بۆ هێشتنەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە لە یانە پاریسییەکە نەماوە."
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان نووسیوویەتی "سەرچاوە نزیکەکانی پاریس سانجێرمان بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا میری قەتەر جارێکی دیکە داوای مانەوە لە کیلیان ئێمباپێ بکات."
رۆمانۆ دەڵێت "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە نابێت، چونکە ئێمباپێ پێشتر بڕیاری خۆی بە یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاندووە و لەگەڵ یانەی ریال مەدریدیش گفتوگۆکانی چوونەتە پێشەوە."
🚨🇫🇷 Sources close to PSG firmly deny that the Emir of Qatar will make new proposal to convince Kylian Mbappé.
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) February 27, 2024
Today’s meeting won’t be about future as Mbappé has already been clear with PSG; he’s informed them about leaving the club, already in advanced talks with Real Madrid. pic.twitter.com/qyInT3IAPM
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "پێشتر لە مانگی رابردوودا رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکە کراوە و کیلیان ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات."
کیلیان ئێمباپێ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا کۆتاییدێت، یاریزانەکە بە پاریس سانجێرمانی گوتووە، گرێبەستەکەم نوێناکەمەوە و ناسڕ خلێفی، سەرۆکی ئەو یانەیەش بە نزیکەکانی گوتووە یاریزانەکە دەچێتە یانەی ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ