رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، بەڵام چەندینجار شێوازی مامەڵەکردنی کێشەی گەورەی ناوەتەوە و کاردانەوەی زۆری دروستکردووە.
رۆناڵدۆ بەرامبەر یانەی شەباب، جارێکی دیکە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی بووەوە سەرتۆپی هەواڵی میدیاکان و رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاهەنگی بۆ بردنەوە گێڕا و ئەوەش بووە هۆکاری تووڕەبوونی هاندەرانی تۆپی پێی سعودیە و بەشێکی میدیای ئەو وڵاتەش، داوای لێپچینەوە لە رۆناڵدۆ دەکات.
دوای هەڵسوکەوتەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە هاتووەتە سەرهێڵ و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات، کە ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە کریستیانۆ بۆ دوو یاری سڕبکرێت.
ئەمە جاری یەکەم نییە، رۆناڵدۆ بە هەڵسوکەوتەکانی هاندەران و میدیای سعودی تووڕە بکات، بەڵام چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاردانەوەی خراپ پێشانبدات.
یەکەم؛ ژمارە 1
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا ئەستێرەی یەکەمی خولی سعودیە، لە رووی تۆمارکردنی گۆڵەوە زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە و بە 22 گۆڵ، پێشەنگی گۆڵکارانی خولی سعودیە، لە گۆڵ دروستکردنیش پێشەنگی خولەکەیە و 9 ئاسیستی کردووە، ئەو دەیەوێت هەمیشە خۆی ئەستێرەی یەکەم بێت و کەس لە پێش ئەوەوە نەبێت، لەکاتێکدا ئێستا ئەستێرەی زۆر لە خولەکەدا یاریی دەکەن، وەکو کەریم بنزیما، نەیمار داسیلڤا، سادیۆ مانێ، ئەلیکساندەر میترۆڤیچ و چەندین یاریزانی دیکە.
دووەم؛ پاڵپشتیی یانەی نەسڕ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەلایەن یانەی نەسڕەوە رێزێکی زۆری لێدەگیرێت، هاندەرانی یانەکە یاریزانەکەیان خۆشدەوێت و بە کارگێڕی و هاندەرانەوە پاڵپشتییەکی بەردەوام و گەورەی یاریزانەکەن، سەرەڕای ئەوەشی کە هەڵە دەکات، لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر هیلال لە جامی ریاز، لەگەڵ ئەوەی رۆناڵدۆ هەڵسوکەوتێکی نا وەرزشیی بەرامبەر یانەی هیلال کرد، بەڵام یانەی نەسڕ پاڵپشتیی یاریزانەکەی کرد و رۆناڵدۆش سزا نەدرا، ئێستاش یانەکە بەشی یاسایی یانەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو رێکارێک لە دژی ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە پێشێلکاری بەرامبەر رۆناڵدۆ دەکەن، ئەمەش یاریزانەکە زیاتر هاندەدات بۆ ئەوەی لەو شێوازی مامەڵەکردنە بەردەوامبێت.
سێیەم؛ مێسی
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وادەکات کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاردانەوەی خراپی هەبێت، بەتایبەتیش بەرامبەر هاندەران، ئەوەیە کە دەچێتە هەر یاریگەیەک هاندەران گوشارێکی زۆری لەسەر دروستدەکەن و بۆ ئەوەی دەروونی یاریزانەکە بشێوێنن، بەیەکەوە هاوار دەکەن "مێسی، مێسی، مێسی"، کە ئەستێرە ئەرجەنتییەکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رکابەرێکی سەرەکیی دۆن بووە و ئەستێرە پۆرتوگالییەکەش، بە گوتنەوەی ناوی لیۆ کاریگەر دەبێت و کاتێک گۆڵ دەکات، یان یارییەک دەبنەوە هەڵسوکەوتی چاوەڕواننەکراو دەکات، کە چەندینجار لە وەرزی رابردوو و لەم وەرزەشدا ئەوە روویداوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، رۆناڵدۆ هەرچەند تەمەنی 39 ساڵە، بەڵام ئاستێکی بەرزی هەیە و ئێستا یانەکەی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی سعودیە و گەیشتوونەتە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا و ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت، لەم وەرزەدا لەگەڵ نەسڕ نازناو بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ