ڤیدیۆ؛ راهێنەری یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە بەڵێنێک بە هاندەران دەدات

27-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەحمەد خەلەف
ئەحمەد خەلەف
نیشانەکردن ئەحمەد خەلەف راهێنەری یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک خۆی بۆ یاریی داهاتووی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات و ئەمشەو بەرەو بەسرە بەڕێدەکەوێت و راهێنەری یانەکەش لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بەڵێنێک دەداتە هاندەرانی یانەکەی.
 
یانەکە رۆژی دووشەممە دوایین مەشقی خۆی لە دهۆک ئەنجامدا و ئەمشەو تیپەکە بۆ ئەنجامدانی یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی مینا بەرەو بەسرە بەڕێدەکەوێت، یاریزانەکانیشی بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن و دەیانەوێت بە سێ خاڵەوە بگەڕێنەوە.
 
دهۆک دوایین دوو یاریی بردووەتەوە، ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لە درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکانی، بەڵام ئەرکی یانەکە ئاسان نییە، لەکاتێکدا یانەی مینا لە پلەی دوازدەیەمە و دەیەوێت زیاتر لە ریزبەندییەکەدا بچێتە پێشەوە.
 
ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەڵێنێک دەداتە هاندەرانی یانەکەی و دەڵێت "هەرگیز کەمتەرخەمی ناکەین و بەردەوام کۆشش دەکەین."
 
راهێنەری دهۆک لە دوای مەشقەکانی یانەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "سەرەتا پیرۆزە لە هاندەرانی یانەی دهۆک، پیرۆزە دوایین سەرکەوتن، پیرۆزە ئەو ئاستە بەرزەی تیپەکەمان پێشکێشی دەکات، ئەوەی ئەرێنییە تیپەکەمان لەگەڵ سەرکەوتنەکانیدا ئاستێکی بەرزیش پێشکێش دەکات."
 
خەلەف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڵێنێک بە هاندەران دەدات و دەڵێت "پشتیوان بەخوا دەبینە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی دهۆک دڵخۆش بێت، هەمیشە خەڵکی  بەدڵخۆشی لە یاریگە دەچنە دەرەوە و لە تیپەکە رازی دەبن. سوپاس بۆ خوا ئێستا ئێمە لە پلەی سێیەمداین، پێموایە پلەیەکی باشە بۆ ئێمە، هەوڵدەدەین کۆششەکانمان دوو ئەوەند لێبکەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لەم پلەیە بکەین، دەتوانین بەڵێن بە هاندەرانمان بدەین کە هەرگیز کەمتەرخەمی ناکەین و بەردەوام کۆشش دەکەین، ئەنجامەکانیش بەدەست خواوەن، ئەوەی لەسەرمانە کاری خۆمان بەباشی بکەین، پشت بەخوا هەر لە پلەکانی پێشەوە دەمێنینەوە و خاڵەکانی یارییەکانی دیکە بەدەستدێنین بۆ ئەوەی لەم پلەیەدا بمێنینەوە."
 
راهێنەری دهۆک زیاتر قسەیکرد و گوتی "بێگومان یاریی داهاتوومان زەحمەتە، گەشت دەکەین، هەفتەی رابردوو لە بەسرە بووین ئەمجارەش دەبێت بچینەوە بەسرە، هەموو گەشتێک یاریزانان ماندوو دەکات. نیشانەکانی ماندووبوون بەسەرمانەوە دەرکەوتوون، بەتایبەتی لە مەشقەکانی ئەمڕۆدا. "
 
لەبارەی یانەی میناوە کە رکابەری داهاتوویان دەبێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "مینا تیپێکی لاوی بەتوانایە، چالاکە، ئێمە بەهای ئەو تیپە دەزانین بەتایبەتی لە یاریگەی خۆیدا، بەڵام ئێمە بەهای خۆشمان دەزانین، بەتایبەتی کە لە پلەی سێیەمداین. ئێمە تیپێکی رکابەرین، دەبێت رێز لە هەموو رکابەرەکانمان بگرین و بەهەمان چاو و هەمان بایەخەوە سەیری هەموویان بکەین. یاریزانەکانمان ئامادەن و هیوادارین جێگەی رەزامەندی بن و بە خاڵەکانی یارییەکەوە لە بەسرە بگەڕێینەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت "ئەمڕۆ لە خولی عێراقدا هیچ تیپیک ئاسان نییە و هیچ شتێک مەحال نییە. ئەگەر تۆ خاڵەکانی یارییەکت بوێت دەبێت خۆت باش بیت، بایەخ بەخۆت بدەی، هەڵەکانت کەم بکەیتەوە، ئەو دەرفەتانەی بۆت دەڕەخسێن بیقۆزییەوە، بۆیە پێموایە دەبێت هەڵەکانمان کەم بکەینەوە و دەرفەتەکان بقۆزینەوە، چونکە کێشەی ئێمە ئەوەیە کە دەرفەتی زۆر لە یارییەکاندا لەدەستدەدەین و هەوڵدەدەین لە مەشقەکاندا چارەسەریان بکەین، پشتیوان بەخوا لە بەسرە دەگەڕێینەوە و پارێزگاری لە پلەی سێیەممان دەکەین."
 
یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 16 یاریی ئەنجامداوە، 8 یاریی بردووەتەوە، یانەکە خاوەنی سێیەم بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و بردنەوەی یارییەکەی ئەمجارە ورەیەکی زیاتر دەداتە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی یەکێک لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە