لێدوانی گواردیۆلا لەبارەی ئەگەری چوونی دیبرۆین بۆ سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە ئەگەری چوونی کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی تیپەکەی دەکەن بۆ خولی سعودیە.
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هەواڵی زۆر لەبارەی ئەگەری چوونی کیڤن دیبرۆین، بۆ خولی سعودی یان ئەمریکی بڵاوبووەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەی نەسڕ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەستێرە بەلجیکییەکە بباتە ریزەکانی."
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی یاریزانەکە دەکەن، پرسیار لە پێپ گواردیۆلا کرا، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "ئەمە بەلای منەوە پرسیارە، پێمخۆشە بمێنێتەوە، بەڵام نازانم، نازانم دەستەوارەی پێشکێشکراوە یان نا، نازانم، نازانم سعودیە ئەوی دەوێت یان، یان ئەو بەڕاستی دەیەوێت لە مانچێستەر سیتی بمێنێتەوە."
 
ئەم قسانەی پێپ گواردیۆلا لەبارەی داهاتووی دیبرۆینەوە لەکاتێکدان، گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەر یاریزانەکە بیەوێت لە یانەکە بڕوات، یانە ئینگلیزییەکە بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە نابێت.
 
کیڤن دیبرۆین، لە ئەستێرە سەرەکییەکانی یانەی مانچێستەر سیتییە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوەش بەشێکی یارییەکان لەسەر کورسی یەدەگە.
 
یانەی نەسڕ و هیلالی سعودی ئەو دوو یانەیەن لەسەر ئاستی سعودیە، رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، بەشێکی میدیاکان دەڵێن "هەموو ئەگەرەکان کراوەن و دەکرێت داهاتووی کیڤن لە خولی سعودی بێت."