ڤیدیۆ؛ هیلال بەردەوامە لەسەر سەرکەوتنەکانی لە خولی رۆشندا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی هیلالی سعودی، بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی لە خولی رۆشنی سعودیەدا و زۆر بە تووندی دەستی بە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەوە گرتووە.
 
لە گەڕی 21ـی خولی پیشەگەری سعودیەدا، یانەی هیلال لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر یانەی ئیتیفاق یاریکرد و سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردییەوە.
 
لە گێمی یەکەمدا، کە یانەی میوان کۆنترۆلی یارییەکەی کردبوو، لە خولەکی 39 لە رێگەی سێرجی میلینکۆڤیچ ساڤیچەوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
 
یانەی هیلال رازی نەبوو لە نیوەی یەکەمدا بە تەنیا گۆڵێک لە یاریگە بچێتە دەرەوە و سالم ئەلدۆسەری لە خولەکی پێنجی کاتی زیادکراوی گێمەکەدا گۆڵی دووەمی بۆ هیلال تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا هیچ شتێک نەگۆڕا و یانەی خاوەن یاریگە هەموو هەوڵەکانی بێسوودبوون و یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی هیلالدا تەواوبوو.
 
بەم ئەنجامە یانەی هیلال ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 59 خاڵ، کە لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە و بە حەوت خاڵ لەپێش یانەی نەسڕ مایەوە، کە لە پلەی دووەمدایە. لە کاتێکدا ژمارەی خاڵەکانی ئیتیفاق 28 خاڵە و پلەی هەشتەمی گرتووە.