بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح تووڕەیە

27-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح، لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی محەممەد سەڵاحی یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی تووڕەیی خۆی لەو دەنگۆیانە دەربڕی کە لەبارەی رۆیشتنی ئەو یاریزانەوە لە لیڤەرپوول باسدەکرێن.
 
عەباس، کە هەمیشە لە رێگەی تویتەرەکەیەوە باس لە هەموو هەواڵەکانی سەڵاح دەکات، ئەمجارەش لە تویتەرەوە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە گەرمبووە کە سەڵاح خۆی ئامادە دەکات بۆ بەجێهێشتنی لیڤەرپوول و رووکردنە پاریس سانجێرمان، بەهۆی ئەنجام و ئاستە خراپەکەی لیڤەرپوول لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح لە تویتەری خۆی، وێنەی هەواڵێکی تۆڕی ئانفێڵد وۆچی ئینگلیزی داناوە کە تێیدا هاتووە، سەڵاح ئامادەیە لیڤەرپوول بەجێبهێڵێت لە هاوینی داهاتوودا، ئەگەر رێدز سەرکەوتوو نەبێت لە گەیشتنە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
لیڤەرپوول ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و بەم دۆخەی ئێستاوە یانەکە بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو ناکات.
 
بەڕێوەبەرەکەی سەڵاح نووسیویەتی، "قسەیەکی بێمانایە.. هەرگیز نە بیر لەم جۆرە کارە کراوەتەوە و نە قسەی لەبارەوە کراوە.. ئێمە لە بنەمادا هەر بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کە لیڤەرپوول وەرزی داهاتوو بەشداریی لە چامپیۆنزلیگدا ناکات".
 
لیڤەرپوول ئەمساڵ لەسەر ئاستی نێوخۆی ئینگلتەرا و ئەوروپاش دۆخی باش نییە و لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا، یاری چوونی لە نێو یاریگەی ئانفیڵد بە 2 - 5 گۆڵ دۆڕاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە