ریال مەدرید بایکۆتی 'زە بێست' دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وێڕای بوونی سێ بەربژێری بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی 'زە بێست'ی ئەمشەو بڕیاریداوە بایکۆتی ئاهەنگی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی ساڵ لەلایەن فیفاوە بکات کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدەدرێت.
 
خەڵاتی 'زە بێست' کە ساڵانە فیفا دەیداتە باشترینەکانی جیهان، ئەمساڵ لە ریال مەدرید بۆ باشترین یاریزانی جیهان، کەریم بنزیما لە پاڵ لیۆنێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ رکابەری دەکات. لە بەربژێرانی باشترین راهێنەری ساڵدا، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە پاڵ هەریەکە لە لیۆنێل سکالۆنی و پێپ گواردیۆلادا بەربژێرە. لە بەربژێرانی باشترین گۆڵپارێزیشدا، تیبۆ کۆرتوا لەگەڵ یاسین بۆنۆ و ئیمیلیانۆ مارتینێز بەربژێرە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید لە بەربژێرەکانی فیفا نیگەران و تووڕەن و هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە ناوی ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری یانەکە، لە لیستی حەوت بەربژێری کۆتایی خەڵاتی باشترین هێرشبەری ساڵدا نەبووە.
 
فیفا پێشتر ناوی 26 هێرشبەری دەستنیشانکردبوو بۆ ئەوەی لە پێکهاتەی نموونەیی ساڵی 2022دا بن، کە بریتی بوون لە کەریم بنزیما، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کیلیان ئێمباپێ، ئێرلینگ هالاند، نەیمار جۆنیۆر، لیۆنێل مێسی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.
 
بەپێی رۆژنامە ئیسپانییەکە، ریال مەدرید تووڕەیە لەوەی کە ناوی ڤینیسیۆس بەربژێر نەکراوە بۆ چوونە نێو لیستی باشترین پێکهاتەی ساڵەوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە رۆڵی گەورەی هەبوو لەوەی ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە و گۆڵی سەرکەوتنی ریال مەدریدی لە یاری کۆتاییدا بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی تۆمارکرد.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید بڕیاریداوە بایکۆتی ئاهەنگەکە بکات، هیچ کام لە بەربژێرانی یانەکە ناچنە پاریس و لە ئاهەنگەکەدا بەشداری ناکەن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بژاردەکانی فیفا، بەوەش هەریەکە لە کەریم بنزیما، کارلۆ ئەنچیلۆتی و تیبۆ کۆرتوا، وێڕای بەربژێربوونیان بۆ خەڵاتەکانی باشترین، ناچنە پاریس و هەر لە مەدرید دەمێننەوە.