ئەمشەو زە بێست دابەشدەکرێت.. هەموو شتێک لەبارەی خەڵاتەکەوە

27-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زە بێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوانیی هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهان کۆتاییدێت، ئەمشەو خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا )ـەوە دابەشدەکرێت.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زە بێست بۆ ساڵی 2022 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، فیدراسیۆنەکە لە رێوڕەسمەکەدا چەندین خەڵاتی جیاواز دەبەخشێتە سەرکەوتووترین یاریزانان و راهێنەرانی تۆپی پێی جیهان، کە لە ساڵی رابردوودا رۆڵی گەورەیان لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بۆ یانە و هەڵبژاردەکانیان بینیووە.
 
رێوڕەسمەکە کاژێر 23:00 بە ئامادەبوونی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، جیانی ئینفانتینۆ و چەندین کەسایەتی وەرزشیی جیهان بەڕێوەدەچێت.
 
فیفا ئەمشەو 9 خەڵات دابەشدەکات کە هەریەکە لە باشترین یاریزان، لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان، باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان، باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی خانمان و پیاوان، خەڵاتی پۆشکاش بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ، خەڵاتی یاریی خاوێن و خەڵاتێکی تایبەت بە هاندەران.
 
جگە لەوەش باشترین پێکهاتەی ساڵ کە لە 11 یاریزان لە هێڵە جیاوازەکانی یاریگە پێکدێن دەستنیشاندەکرێت.
 
دەنگدان بۆ براوەکان چۆن دەبێت؟
 
خەڵاتی باشترین یاریزان و راهێنەر لە رێگەی 4 قۆناخی جیاوازەوە دەنگدانی بۆ دەکرێت، کە هەر قۆناخێک 25ـی دەنگەکان لە خۆی دەگرێت و بەمشێوەیە باشترین یەکلادەکرێتەوە.
 
ئاستی یەکەم ئەوەیە کە کاپتنی هەڵبژاردەکان دەنگ دەدەن، راهێنەرەکان بەهەمان شێوە مافی دەنگدانیان هەیە، 300 رۆژنامەڤان کە فیفا دەستنیشانیکردوون مافی دەنگدانیان هەیە و ئەوەی دیکەشیان لە رێگەی هاندەرانەوە دەبێت کە بە ئۆنلاین بەشداری لە هەڵبژاردنی باشترینەکانی ساڵدا دەکەن.
 
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین یاریزان
 
هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی لاوی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمانی هەمان وڵات و کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزان.
 
زۆرینەی پێشبنییەکان بۆ ئەوەن ئەمشەو لیۆنێل مێسی خەڵاتەکە بباتەوە، بەتایبەت کە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوەکە و بۆ یەکەمجار مۆندیالی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا بردەوە.
 
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین راهێنەر
 
هەریەکە لە لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید و پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن و رکابەرییەکە لە نێوان ئەنچێلۆتی و سکالۆنی یەکلادەکرێتەوە، کە یەکێکیان چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو و ئەوەی دیکەش مۆندیالی بردووەتەوە.
 
بەربژێرەکانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز
 
ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی و یانەی ئاستۆن ڤێلا، تیبو کۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکی و یانەی ریال مەدرید، یاسین بونۆ، گۆڵپارێزی مەغریبی و یانەی سێڤییا بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی ساڵی 2022.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لە رێوڕەسمەکەی ئەمشەودا، هەریەکە لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، کەریم بنزیما و تیبو کۆرتوا کە بۆ بردنەوەی سێ خەڵاتی جیاواز بەربژێرن بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا ناکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە