یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

رووداو-هەولێر

لە کۆتاییدا ڤایرۆسی کۆرۆنا زەبری کوشندەی بە وەرزشوانان گەیاند و یەکەم یاریزانی کوشت، ئەویش ئیلهام شێخیی خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی فووتساڵی ئێران بوو.

میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند کە ئیلهام شێخی کە خەڵکی شاری قوومی ئێرانە، دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو گیانی لەدەستدا.

سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئێران، کەریم بەهرامی بە میدیاکانی ئێرانی گوتی: ئیلهام شێخیی تەمەن 23 ساڵان دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، شەوی چوارشەممە گیانی لەدەستدا و بەرگەی نەخۆشییەکەی نەگرت.

بەهرامی زیاتر گوتی: شێخی بەر لە 10 رۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای قووم لەژێر چاودێریدا بوو، بەڵام بەداخەوە وەرزشی ئێران ئەو یاریزانەی لەدەستدا.

ئیلهام کە یاریزانی پارێزگای قووم بوو، لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی فووتساڵی ئێرانەوە بانگهێشتکرابوو، بەشداری لە چەند یارییەکیشدا کرد، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەیدا کە بە پایتەختی کۆرۆنا لە ئێران ناسراوە، تووشی نەخۆشییەکە بووبوو.