ریال مەدرید بەبێ رۆناڵدۆ رووبەڕووی ئیسپانیۆل دەبێتەوە


رووداو - هەولێر

یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئیسپانیۆل دەبێتەوە و چەند ئەستێرەیەکی یانەکەش بەشداریی لە یارییەکەدا ناکەن.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ی لالیگا، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئیسپانیۆل، رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکە گەشت ناکات و بەشداریی لە یارییەکەدا ناکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە یاریزانەکە مۆڵەتی لە زیدان وەرگرت.

جگە لە رۆناڵدۆ، هەریەکە لە تۆنی کرووس، مارسێلۆ، مۆدریچ و ڤایێخۆ بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادەنابن، بەڵام مارکۆ ئاسێنسیۆ بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانی کردووە و پێدەچێت لە یارییەکەی ئەمشەودا بەشداریی بکات.

کەش و هەوای کەتەلۆنیا هەڕەشەی دواخستنی یارییەکە دەکات، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری کەشناسی کەتەلۆنیا رایگەیاند، بەفربارین بۆ ماوەی 48 کاژێری داهاتوو بەردەوامدەبێت، بەڵام ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک نایەوێت یارییەکەی دوابخرێت.