رووداو دیجیتاڵ
یانینا لاتۆری، هاوڕێی ئانتۆنێلا روکرۆزی هاوژینی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین، نهێنی و چارەنووسی ئەو یاریزانەی لە نێوان ئەمریکا و بارسێلۆنادا ئاشکرا کردووە.
مێسی کە هاوینی 2021 بارسێلۆنای بەجێهێشت و پەیوەندی بەپاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد، ئێستا لە یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی یارییدەکات.
یانینا لاتۆری، هاوڕێی ئانتۆنێلای هاوژینی مێسییە، ئەو هەڵوێستی مێسی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا، پاش تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی ئاشکراکردووە.
یانینا دەڵێ، مێسی پێیوایە هەندێک کەس لە کارگێڕیی بارسێلۆنا، حەز بەگەڕانەوەی ئەو بۆ یانە ئیسپانییەکە ناکەن، هەر ئەو کەسانەش پاڵیان بەوەوەنا، بۆ ئەوەی بەر لە دوو ساڵ لە ئێستا، یانەکە بەجێهێڵێت و ئەو کارە، "برینێکی ساڕێژنەبووی" لای ئەو دروستکردووە.
لاتۆری، قسەی بۆ رۆژنامەی 'لاناسیۆن' کردووە و دەڵێ، "مێسی پێیگوتم، کاتێک گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی کۆتایی دێت، دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەی هەست بەدڵخۆشیی دەکات لێی، بۆ بارسێلۆنا".
پرسیار لە لاتۆری کراوە لەبارەی ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە، ئەو گوتویەتی، مێسی دەڵێ، نا.. جێگەی من ئەوێیە.
پێشتر خۆرخی ماس، هاوبەشی خاوەندارێتی یانەی ئینتەرمەیامی رایگەیاندبوو لەگەڵ مێسی کۆدەبێتەوە بۆ باسکردن لە چارەنووسی ئەو یاریزانە.
ئەو هەروەها رایگەیاندبوو، پێشبینیدەکەم ئەو لە کاتی کردنەوەی یاریگە نوێیەکەمان لە 2026 و دەستپێکی وەرزی ئەو ساڵە، مێسی پاش بەسەربردنی وەرزێکی پڕ دەستکەوت، هەر یاریزانی ژمارە 10ی ئێمە بێت.
پێشتر مێسی ئاشکرایکردبوو، بیری هەر لای بارسێلۆنایە، گوتبوی، "هەستدەکەین ئێمە خەڵکی بارسێلۆناین، هەمیشە و هەموو رۆژێک بیر لەو رۆژە دەکەینەوە کە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەوێ.
سەرچاوە میدیاییەکان لەماوەی رابردوودا ئاماژەیان بەئەگەری گەڕانەوەی مێسی بەشێوەی خواستن بۆ یانەیەکی ئەورووپا کردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پێناچێ ئەو ئەگەرە ببێتە راستی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ